ئینگلتەراگرنگترین

بڕونۆ فێرناندێش: بەدەستنەهێنانی نازناوی پرێمەرلیگ بۆ مانچستەر یونایتد شتێکی ئاسایی نییە

فێرناندێش باس لە ئاستی یانەکە لەژێر سەرپەرشتی مایکڵ کاریک دەکات

Yariga App

یاریگا –

برونۆ فێرناندێش، کاپتنی یانەی مانچێستەر یونایتد، پەردە لەسەر کۆمەڵێک بابەت و تەوەری گرنگ سەبارەت بە یانەکەی و ژیانی خۆی لادەدات.

لە چاوپێکەوتنێکی درێژدا لەگەڵ رۆژنامەی تێلێگراف، باس لە شێوازی بیرکردنەوەی خۆی و بارودۆخی ناوخۆیی شەیتانە سوورەکان دەکات.

ئەستێرە پورتوگالییەکە کە وەرزی رابردوو ئۆفەرێکی خەیاڵیی یانەی هیلالی سعودی رەتکردەوە، پەیامێکی روونی بۆ کارگێڕیی یانەکەی هەیە.

“ئاسایی نییە لە 2013ـەوە پرێمەرلیگمان نەبردووە”
فێرناندێش بە راشکاوی باسی لە خواستەکانی بۆ بەدەستهێنانی نازناوەکان کرد و رایگەیاند؛

هەموو کەسێک کە دێتە مانچێستەر یونایتد دەیەوێت هەموو نازناوەکان بباتەوە. پێم وانەبوو کە دێمە ئێرە لە ماوەی شەش ساڵدا تەنها کێبڕکێ لەسەر یەک یان دوو نازناو دەکەین. ئاسایی نییە یانەیەکی وەکوو مانچستەر یونایتد لە ساڵی 2013ـەوە پرێمەرلیگی نەبردبێتەوە.


لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت؛

بە یانەکەم گوتووە، ناتوانن بەڵێنم پێبدەن کە پرێمەرلیگ دەبەینەوە، چونکە شتێکی ئەستەمە، بەڵام دەبێت بەڵێنم پێبدەن کە تاوەکوو کۆتایی کێبڕکێکارێکی بەهێز دەبین، چونکە ئەگەر کێبڕکێ بکەین، لە بردنەوە نزیک دەبینەوە. من بۆ پارە لێرە نیم، پارە لە هەموو شوێنێک دەست دەکەوێت.


قۆناخی مایکل کاریک و خەونی سەقامگیری
سەبارەت بە گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییەی یانەکە و دەرکردنی رۆبن ئامۆریم لە مانگی یەکدا، فێرناندێش ئاماژەی بەوە کرد؛

کێشەی گەورە ئەوەبوو خەریکبوو شتێکمان دروستدەکرد و لەپڕ بڕیاری گۆڕانکاری درا، ئێستا لەگەڵ مایکل کاریک زۆر باشین و نزیکین لە گەیشتن بە چامپیۆنزلیگ، بەڵام ئەمە بەس نییە و ئێمە دەبێت فێربین چۆن بە درێژایی وەرزێکی تەواو سەقامگیر بین، نەک تەنها بۆ چەند مانگێک.

ئەندازیاری ئەسیستەکان؛ جیاوازیی پاسەکانی برونۆ
برونۆ کە نزیکە لە شکاندنی ژمارەی پێوانەیی زۆرترین ئەسیست لە وەرزێکدا، باس لەوە دەکات کە چۆن بەگوێرەی هێرشبەرەکان شێوازی یاریکردنی دەگۆڕێت؛

ناتوانم هەمان ئەو پاسەی دەیدەم بە بێنیامین شێشکۆ، بیدەم بە ئاماد دیالۆ یان براین ئێمبوێمۆ، دەبێت بزانم ئێمبوێمۆ حەز بە چۆن پاسێک دەکات لە پشت بەرگریکارانەوە، یان شێشکۆ چۆن بۆ تۆپە بەرزەکان بەرز دەبێتەوە و لەگەڵ یاریزانێکی وەکوو جۆشوا زیرکزی، پشت بە پاسی کورت و خێرا دەبەستم، وەکوو ئەوەی لە ئیتاڵیا فێریبووم.

بابەتی زیاتر

Back to top button