
یاریگا –
یانەی ریال مەدرید بە فەرمی هەنگاوەکانی بۆ گەڕاندنەوەی تۆنی کرووس، ئەستێرەی پێشووی بۆ ناو یانەکە دەستپێکردووە.
رۆژنامەی ئاس بڵاویکردووەتەوە، دوای دوو ساڵ لە وازهێنانی ئەفسانەیی کە بە بردنەوەی شەشەمین نازناوی چامپیۆنزلیگ کۆتایی هات، ئێستا دەستەی کارگێڕیی یانەکە گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی کە گەڕانەوەی کڕووس فاکتەرێکی سەرەکی دەبێت بۆ سەرکەوتنەکانی داهاتوو.
El Real Madrid trabaja para lograr el regreso de Kroos de cara al curso que viene, dentro de la estructura deportiva.
✍️ José Félix Díaz pic.twitter.com/n6MHntU29Q
— Diario AS (@diarioas) April 12, 2026
بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامە مەدرییەکە، بڕیارەکە جێگیرە؛ کڕووس وەکوو یاریزان ناگەڕێتەوە، بەڵکوو وەک لەنێو کارگێڕیی یانەکە پۆستێکی پێ دەدرێت.
سەرچاوەکە دەشڵێت، فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەکە، پاڵپشتی یەکەمی ئەم پڕۆژەیەیە و پێی وایە شارەزایی و کەسایەتی کڕووس هاوکارێکی گەورە دەبێت بۆ گەشەکردنی یانەکە لە داهاتوودا.
کڕووس ئێستا لە مەدرید نیشتەجێیە و خاوەنی ئەکادیمیایەکی تۆپی پێی تایبەت بە خۆیەتی، پەیوەندییەکی ناوازەی لەگەڵ یانەی شاهانە هەیە، هەرچەندە هێشتا پۆستە نوێیەکەی بە تەواوی رانەگەیەندراوە، بەڵام بڕیاردراوە کە بۆ وەرزی داهاتوو جارێکی دیکە ئەندازیارە ئەڵمانییەکە لە ناو یانەی شاهانە دەستبەکار بێتەوە.



