جارێکی دیکە ناوبژیوانیی نیگرێیرا؛ کەناڵی ریال مەدرید رەخنەی توند لە ناوبژیوان دەگرێت
لەم 'خولی نیگرێیرا'ـیەدا گاڵتە بە ریال مەدرید دەکەن

یاریگا –
کەناڵی ریال مەدرید شیکردنەوەی بۆ یەکسانبوونەکەی نێوان ریال مەدرید و جیرۆنا کرد. سەرەنجی سەرەکی لەسەر رەخنەگرتن لە ئاستی ریال مەدرید خۆی و ئاستی ئەلبێرۆلا رۆخاسی ناوبژیوان بوو.
ریال مەدرید ئەم هەینییە بەرامبەر جیرۆنا یەکسان بوو و لە کێبڕکێی نازناوەکە لە پێگەیەکی قورسدا مایەوە. ئەمە ئەنجامێکی خراپ بوو رێک پێش گەشتکردن بۆ میونشن بۆ یاریی گەڕانەوەی چارەکی کۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا، یارییەکەش بەبێ مشتومڕ تێنەپەڕی.
لە خولەکی87 تیمەکەی ئەلڤارۆ ئاربیلوا داوای لێدانی سزایان کرد دوای بەرکەوتنێکی ڤیتۆر رێیس لەگەڵ کیلیان ئیمباپێ. نە ناوبژیوانی نێو یاریگا و نە ترۆخیلۆ سوارێزی ناوبژیوانی ڤار بە شایستەی سزادانیان دانەنا.
جارێکی دیکە کەناڵی ریال مەدرید دوای یارییەکە بە توندی رەخنەی لە ناوبژیوانی گرت. رووماڵی دوای یارییەکە بەم شێوەیە دەستی پێکرد: “جارێکی دیکە، ناوبژیوانیی نیگرێیرا. لێدانی سزا بۆ ئیمباپێ.”

چەند جارێک رەخنەگرتن لە ئاستی ریال مەدرید خۆی هەبوو، بەڵام رەخنەگرتنی توند لە ناوبژیوانان زاڵبوو:
لە شیکردنەوەکەدا لایەنی تۆپی پێ هەیە، نەبوونی ژیری و وریایی. دوای گۆڵی یەکسانبوونی جیرۆنا، ئاستی ریال مەدرید دابەزی. لێدانێکی سزای روون لەسەر ئیمباپێ هەبوو و دەبوایە ئاماژەی پێبکرێت. هەروەها دەبێت باس لە خراپی ئاستی ناوبژیوانییەکەش بکەین کە جارێکی دیکە ریال مەدرید بەدەستی ئەلبێرۆلا و ترۆخیلۆوە چەشتی. ئاستێکی زۆر لاوازی ناوبژیوان، بەڵام دان بەوەشدا دەنێین کە ریال مەدرید یارییەکی خراپی پێشکەش کرد.
هەروەها باسیان لەو کارتە سوورەی جیرارد مارتن کرد کە پێشتر هەڵوەشایەوە:
با لەبیرمان نەچێت ئێستا ڤار گەورەترین کاریگەری لەسەر ئەو هەڵانە هەیە کە لە هەموو گەڕێکدا روودەدەن. دەستەواژەی ‘دەتوانم بە ڤار یارمەتیت بدەم’ کە ئێنریکێز نیگرێیرا بە جۆسێپ ماریا بارتۆمیۆی گوتووە هەموو شتێک روون دەکاتەوە. لێدانە سزاکە ئاشکرایە، ئاساییە و تێدەگەین کە ناوبژیوان لە کاتی یارییەکەدا نەیبینیبێت، بەڵام ئەی ڤار بۆ چییە؟
دواتر رەخنەکان جارێکی دیکە ئاراستەی ترۆخیلۆ سوارێز کرانەوە:
ئەو تاوانبارێکی چەند بارەیە؛ دووبارەی دەکاتەوە. ئەو هەمان ناوبژیوانی دێربییەکەی بەرامبەر ئاتلێتیکۆیە کە کارتە سوورەکەی بە فێدێریکۆ ڤالڤێردیدا. هەمان ئەو کەسەیە کە ساڵی رابردوو چوار لێدانی سزای روونی نەیبینی. کاتێک کەسێک بەردەوام ئەم هەڵە پاساوهەڵنەگرانە دەکات، بەرپرسیارێتییە راستەقینەکە دەکەوێتە ئەستۆی بەرپرس و بەڕێوەبەرەکەیان.
ئەوان وەکوو بەرپرسیاری کۆتایی ئاماژەیان بە فران سۆتۆ، سەرۆکی ناوبژیوانان کرد:
پەیامێک بۆ فران سۆتۆ، کە حەزی لە قسەکردنە و دەڵێت سەیری ئەم کەناڵە ناکات: ئەمڕۆش دووبارە ‘جزدانێک لە گیرفاندا’ هەبوو و کەسێک جارێکی دیکە دەستی تێکرد. ئەوەی لەگەڵ ڤیتۆر رێیس روویدا لێدانی سزایە، یەکێکی دیکەش دیارنەما. ئەمە واقعەکەیە.
کەناڵی ریال مەدرید بە رەخنەیەکی زۆر توند لە سیستەمی ناوبژیوانی و لالیگا کۆتایی بە بەرنامەکەی هێنا:
ئەوان لەم ‘خولی نیگرێیرا’ـیەدا گاڵتە بە ریال مەدرید دەکەن، گاڵتە بەو یانەیە دەکەن کە زۆرترین نازناوی خول و جامە ئەوروپییەکانی هەیە. ئەمە شانۆگەرییەکی کۆمیدییە.



