داڕمانی دەروونی یارییەکەی گۆڕی؛ کرووس شیکاریی بۆ یارییەکەی بایرن میونشن و ریال مەدرید دەکات
هەڵەی ئوپامیکانۆ خاڵی وەچەرخان بوو

یاریگا –
تۆنی کرووس، ناوەڕاستکاری پێشووی هەڵبژاردەی ئەڵمانی شیکاریی خۆی ب رووبەڕووبوونەوەی بایرن میونشن و ریال مەدرید خستەڕوو.
کرووس تیشکی خستەسەر ئەو وەچەرخانە دەروونییە یەکلاکەرەوەیەی کە ئەنجامەکەی دیارییکرد، دانیشی بەوەدا نا کە بە رەوتی گشتیی یارییەکە سەرسام نەبووە، سەرەڕای ئاستە سەرنجڕاکێشەکەی بایرن لە گێمی یەکەمدا. بەڵام ئاماژەی بە پەرچەکرداری یانە باڤارییەکە کرد دوای پێشکەوتنیان بە ئەنجامی 2-0 وەکوو سەرنجڕاکێشترین لایەنی یارییەکە.
کرووس روونیکردەوە:
لە ساڵانی رابردوودا، بایرن میونشن ئاستێکی باشی بەرامبەر ریال مەدرید پێشکەش کردووە، بەڵام لە ساتە یەکلاکەرەوەکاندا، بەتایبەتی لە یارییەکانی گەڕانەوەدا، زۆر کات تووشی ئاستەنگی بوونە بۆ پاراستنی ئاستیان و بەهۆی بە وردەکارییە بچووکەکانەوە سزا دەدرێن.
یاریزانە ئەڵمانییەکە جەختی لەوە کردەوە کە دەبوو پێشکەوتنی بایرن بە دوو گۆڵ، لە رووی دەروونییەوە یارییەکە یەکلایی بکاتەوە، بەڵام لەبری ئەوە، سەرسام بووە کاتێک بینیویەتی بایرن گەڕاوەتەوە دواوە و فشاری کەم کردووەتەوە. کڕووس گوتی: “لە ئەنجامی 2-0 بایرن کۆنترۆڵی تەواوی هەبوو. چاوەڕێم دەکرد یان بە هێمنی کۆنترۆڵی تۆپ بکەن یان فشار بکەن بۆ گۆڵی زیاتر، رەنگە گۆڵی سێیەم یان تەنانەت زیاتریش، بەڵام پێچەوانەکەی روویدا.”
کرووس هەڵەکەی دایۆت ئوپامیکانۆی بەرامبەر ڤینیسیۆس جۆنیۆر وەک خاڵی وەرچەرخان دەستنیشان کرد، کە دووبارە متمانەی بۆ ریال مەدرید گەڕاندەوە. دوای ئەو ساتە کاردانەوەی مەدرید دەستبەجێ بوو. کرووس دەڵێت: “ئەوان کەسایەتیی خۆیان نیشاندا و چەندین هەلی مەترسیداریان لە نێوان خولەکی 60 بۆ 75 دروست کرد، تەنانەت لەکاتێکدا کە لە دواوەش بوون.”

لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد کە پێی وایە کاتێک یارییەکان دەکرێنەوە و پشێوی دروست دەبێت، رێک لەو کاتەدا چێژ لە یاریی وەردەگرن و سەرکەوتوو دەبن.
کرووس لە کۆتاییدا گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە بایرن سەرکەوتوو نەبوو لە بەڕێوەبردنی یارییەکە بە شێوەیەکی کاریگەر و ئاماژەی بەوەدا کە ئەوان کوالێتیی ئەوەیان هەبوو یان پارێزگاری لە پێشکەوتنەکەیان بکەن یان زیاتری بکەن و گوتی:
یارییەکە دەکرا بە ئاسانی 3-3 کۆتایی بێت، بەڵام بایرن ئامرازی ئەوەی هەبوو کە باشتر کۆنترۆڵی بکات یان بە ئەنجامی 3-1 یان 4-1 یارییەکە تەواو بکات.



