
یاریگا –
یانەی ریال مەدرید بە تەواوی پشت لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا دەکات، چونکە پێی وایە بڕیارەکان لە دەرەوەی یاریگا یەکلایی دەکرێنەوە، ئەمەش دوای زنجیرەیەک ئابڕووچوونی ناوبژیوانی کە دواترینیان لە یارییەکەی جیرۆنا بوو.
بەگوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەی ئاس کە لەلایەن خۆسێ فێلیکس دیاز، سەرنووسەری رۆژنامەکە بڵاوکراوەتەوە، یانەی ریال مەدرید بە فەرمی پەیوەندییەکانی لەگەڵ فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا پچڕاندووە و پێیوایە کێبڕکێکانی ئەم وەرزەی لالیگا شێوێندراون و دوورن لە دادپەروەری.
El club blanco da la espalda a la Federación Española. Los escándalos arbitrales le refuerzan en la decisión.
✍️ José Félix Díaz pic.twitter.com/ImQPJyvfnS
— Diario AS (@diarioas) April 11, 2026
هەمان سەرچاوە ئاشکرای دەکات، سەرەڕای ئەوەی پێشتر خۆسێ ئانخێل سانچێز، بەڕێوەبەری گشتیی ریال مەدرید، بەشداری لە کۆبوونەوەکانی داڕشتنی سیستەمی نوێی ناوبژیوانی کردبوو، کە تێیدا بڕیار بوو رێککەوتنێک لەنێوان یانەکانی ئیسپانیا و فیدراسیۆن واژۆ بکرێت بۆ دامەزراندنی سیستەمێکی نوێی ناوبژیوانی لە تۆپی پێی ئیسپانیا، کە ئامانجی رێکخستنەوە و گۆڕانکاریی بوو لە شێوازی بەڕێوەبردنی ناوبژیواناندا، بەڵام لە ساتی یەکلاییکەرەوە و کۆتاییدا پەیوەندی بە سەرۆکی فیدراسیۆنەوە کردووە و پێی راگەیاندووە کە ریال مەدرید بەشداری لەو رێککەوتنە ناکات.

سەرچاوەکە دەشڵێت، تووڕەیی کارگێڕیی یانە شاهانەکە دوای یارییەکەی جیرۆنا گەیشتەووەتە لووتکە و بە تەواوی لە بڕیارەکانی ناوبژیوانی یارییەکە تووڕەن، بەتایبەت بەهۆی ئەو ساتەی کە کیلیان ئێمباپێ بە توندی لێیدرا و خوێنی لێهات، بەڵام ناوبژیوان و ژووری ڤار بە شێوەیەکی گوماناوی بڕیاریاندا دەستتێوەردان نەکەن. ریال مەدرید پێی وایە بڕیارەکانی ناوبژیوان لە دژی ئەوان بە دەستی ئەنقەستە و پلان بۆ داڕێژراوە.

رۆژنامەکەی نزیک لە مەدرید ئەوەشی خستووەتەڕوو، بۆ سەلماندنی ئەم بایکۆتە، لە یاریی چوون قۆناخی چارەکی کۆتایی چامپیۆنزلیگ بەرامبەر بایرن میونشن، مەدرید پەیامێکی توندی ئاراستەی فیدراسیۆن کرد؛ کاتێک رافایێل لۆزان، گەورە بەرپرسی تۆپی پێی ئیسپانیا، بۆ یاوەری ئالێکساندەر جێفرین، سەرۆکی یوێفا هاتە یاریگای بێرنابیۆ، بەڵام کارگێڕیی ریال مەدرید رێگەیان نەدا لە ریزی پێشەوە دابنیشێت و رەوانەی ریزی سێیەمی کورسییەکانی VIPـیان کرد.

لە کۆتاییدا ئاس ئەوەشی روونکردووەتەوە، ریال مەدرید گەیشتووەتە ئەو باوەڕەی کە نازناوی لالیگایان لەدەست داوە و پێیان وایە هۆکاری سەرەکی ئەمەش سیستەمی ناوبژیوانییە، لەگەڵ ئەوەشدا جەخت دەکەنەوە کە کۆڵ نادەنو تاوەکوو گۆڕانکاریی ریشەیی نەکرێت، ئەم دوورییەی نێوانیان لەگەڵ فیدراسیۆن زیاتر دەبێت.



