
یاریگا –
لە گەڕی 21ـی خولی نایابی کوردستان 10 یاریزان بەهۆی کارتی رەنگا و ڕەنگەوە بێبەش دەبن، شێروانە و رزگاریش گورزی کوشندەیان بەرکەوتووە.
یانەی رانیه بۆ یارییەکەی بەرامبەر شێروانە لە توانای سێ یاریزانی بێبەش دەبێت، هەریەک لە عیماد یاسین، ئارێز مستەفا لەگەڵ ئاراس عەبدولڕەحمان بە هۆی کەڵەکە بوونی کارتە زەردەکانیان ناتوانن بەرامبەر شێروانە یاریی بکەن، رانیە بە 25 خاڵ مانەوەی لە خولەکە مسۆگەر کردووە.
بوار دلاوەر، ئەستێرەی سیروانی نوێ بە هۆی کەڵەکە بوونی کارتەکانی بەرامبەر چوارقوڕنە یاریی ناکات، بە هەمان هۆکار یوسف، ناوەڕاستکاری زاخۆ بەرامبەر دەربەندیخان یاریی ناکات، محمەد جەوهەر، یاریزانی پێشمەرگەی هەولێریش لەم گەڕە بە هۆی کەڵەکە بوونی کارتە زەردەکانی بەرامبەر پیشەسازی یاریی ناکات.
گورزی کوشندە بەر شێروانە و رزگاری کەوتووە کە بۆ مانەوە لە خولی نایابی کوردستان یاریی دەکەن، هەریەک لە بەڵێن فایەق و جوامێر حەمە ئەمین دوو ئەستێرەی رزگاری بە هۆی کەڵەکە بوونی کارتی زەردیان بەرامبەر هەندرێن یاریی ناکەن، موئەیەد سەفا و دیاکۆ فوئاد یاریزانانی شێروانە بێبەش دەبن لە یارییکردن و بەرامبەر رانیە یاریی ناکەن.



