گەڕێکی دیکەی چارەنووسساز لە خولی نایابی کوردستان بەڕێوەدەچێت
دەربەندیخان بە نۆ یاریزان گەشتی زاخۆی کردووە

یاریگا –
گەڕی پێش کۆتایی خولی نایابی کوردستان بەڕێوەدەچێت و یانەی دەربەندیخانیش بە نۆ یاریزان گەشتی زاخۆی کردووە.
شەممە ( 11ـی نیسانی 2026 ) گەڕێکی دیکەی چارەنووسساز بۆ هەندێ یانە لە خولی نایابی کوردستان بەڕێوەدەچێت کە گەڕی پێش کۆتایی خولەکەیە، سیروانی نوێ لە یاریگای خۆی بەرامبەر چوارقوڕنە یاریی دەکات، هەردوو یانە مانەوەیان لە خولەکە مسۆگەر کردووە، سیروانی نوێ 29 خاڵی هەیە لە ریزبەندی چوارەمە و چوارقوڕنەش بە 25 خاڵ لە ریزبەندی حەفتەم دێت.
هەندرێنی پاڵەوانی ئەم وەرزەی خولی نایابی کوردستان میوانداری رزگاری دەکات، هەندرێن دوای کۆتایی هاتنی یارییەکە قەڵغانی ئەم وەرزەی خولەکەی پێدەبەخشرێت، رزگاریش پێویستی به سەرکەوتنە بۆئەوەی لە ناوچەی مەترسی دابەزین دوور بکەوێتەوە، رزگاری 23 خاڵی هەیە و لە ریزبەندی هەشتەمی خولەکە دێت.
دەربەندیخان بە هۆی وەرەگرتنی مووچەکانیان تەنها بە نۆ یاریزان گەشتی زاخۆی کردووە، دەربەندیخان بە فەرمی دابەزیوە بۆ خولی پلە یەکی کوردستان لە وەرزی داهاتوو کە ئێستا 16 خاڵی هەیە و لە ریزبەندی کۆتایی دێت، زاخۆ کە هەوڵی مانەوەی ریزبەندی دووەم دەدات بە 33 خاڵ لە ریزبەندی دووەمە.
ئاکرێ لە دەرەوەی یاریگای خۆی رووبەڕووی قەڵادزێ دەبێتەوە، ئاکرێ هەوڵی وەرگرتنی ریزبەندی دووەم دەدات و ئێستا بە 30 خاڵ لە ریزبەندی سێیەم دێت، قەڵادزێش شەڕی مانەوە لە خولەکە دەکات کە 22 خاڵی هەیە و لە ریزبەندی 10ـی خولی نایابی کوردستان دێت.
پێشمەرگەی هەولێر لە یاریگای برایەتی میوانداری پیشەسازی دەکات، پێشمەرگە مانەوەی لە خولەکە مسۆگەر کردووە، پیشەسازیش پێویستە سەرکەوتن بەدەست بهێنێت و چاوەڕوانی شکستی رزگاری و قەڵادزێ و شێروانە بکات تاوەکو کێبڕکێی مانەوە لە خولەکە بکات، پێشمەرگە 27 خاڵی هەیە لە ریزبەندی پێنجەم دێت، پیشەسازی بە 19 خاڵ لە ریزبەندی 11 دێت.
شێروانە و رانیە لە یاریگای شێروانە رووبەڕووی یەکتر دەبنەوە، شێروانەی پاڵەوانی وەرزی رابردوو پێویستی بە سەرکەوتنە بۆ ئەوەی مانەوە لە خولی نایابی کوردستان مسۆگەر بکات، شێروانە 23 خاڵی هەیە لە ریزبەندی نۆیەم دێت، رانیەش 25 خاڵی هەیە و لە ریزبەندی شەشەمی خولی نایابی کوردستان دێت.



