ئێمە لە مەدرید دەژین بەم دۆخانە راهاتووین؛ سیمیۆنی وەڵامی سکاڵاکەی بارسێلۆنا دەداتەوە
بەمزووانە ئەستێرەیەک دەگەڕێتەوە

یاریگا –
دیێگۆ سیمیۆنیی راهێنەری یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید پێش یارییەکەیان بەرامبەر سێڤییا قسەی بۆ راگەیاندنەکان کرد.
سیمیۆنی سەبارەت بە پاڵنەرەکان سیمیۆنی گوتی چەندین هۆکار هەن لەوانە؛ نوێنەرایەتیکردنی لۆگۆکە، هاندەران، خێزان و تامەزرۆیی ئەو یاریزانانەی کە هەلی یاریکردنیان پێدەدرێت. هەروەها باسی لەوەش کرد کە یاریزانە لاوەکان کاتێک هەلیان پێدەدرێت، دەبێت لە رووی دەروونییەوە بەهێزبن، فەرامۆشی ترس و گومانەکان بکەن، تەنیا سەرنجیان بخەنە سەر ئەوەی ئاستێکی باش پێشکەش بکەن.
هەروەها باسی لەو یاریزانانە کرد کە بە تێپەڕبوونی کات گرنگی پەیدا دەکەن، ئاماژەی بە حاڵەتەکانی وەک مارک پوبیل کرد، کە وەرزەکەی بەبێ یاریکردن دەستپێکرد بەڵام ئێستا یاریزانێکی گرنگە. جەختی لەوەش کردەوە کە تیپەکە پێویستی بە هەمووانە بۆ کێبڕکێکردن.
لەبارەی پێکانەکانیشەوە بە روونی رایگەیاند کە سەرنجی تەنیا لەسەر یاری داهاتووە، نەوەکوو لەسەر چاکبوونەوەی یاریزانەکان. لە باسی یان ئۆبلاک، گۆڵپارێزی سەرەکی یانەکەش گوتی گۆڵپارێزەکە هێشتا ئامادە نییە، بەڵام پەرۆشە بۆ گەڕانەوە و رەنگە بەم زووانە بەردەست بێت.
هەر لە کۆنگرەکەدا رۆژنامەنووسێک لێی دەپرسێت: “پێت وایە بە تۆمارکردنی سکاڵا بارسێلۆنا فشار دەخەنە سەر ناوبژیوانان؟”
راهێنەرە ئەرجەنتینییەکە لە وەڵامدا گوتی:
ئێمە لە مەدرید دەژین و بەم جۆرە بارودۆخانە تەواو راهاتووین، ئەوە کارمان لێناکات. تەواو رێز لە هەمووان دەگرین، پێم وایە تێگەیشتن لێی ئاسانە.



