
یاریگا –
هانزی فلیک، راهێنەری یانەی بارسێلۆنا، لە نوێترین کۆنفرانسی رۆژنامەوانیدا تیشکی خستە سەر چەند پرسێکی گەرمی پەیوەست بە یانەکەی، لەوانە؛ جیاوازیی خاڵەکان لەگەڵ ریال مەدرید، بڕیارەکانی ڤار لە یارییەکە بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدرید و ئامانجە سەرەکییەکانی وەرز.
گوێ بە ژاوەژاوی مەدرید نادەین
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە لێدوانە بەردەوامەکانی ئالڤارۆ ئاربێلۆ لەسەر ناوبژیوانان و هەوڵدان بۆ دوورخستنەوەی سەرنجەکان لەو حەوت خاڵەی کە بارسیلۆنا لە پێش ریال مەدریدەوەیە، فلیک زۆر بە هێمنی وەڵامی دایەوە و گوتی؛
گوێ بەو شتانە نادەم و وزەم لەو بابەتەدا بەفیڕۆ نادەم، قسەکانی بۆچوونی خۆیەتی و سەرنجم لەسەر تیپەکەمە.
راهێنەرە ئەڵمانییەکە جەختی لەوە کردەوە کە سەرنجی تیپەکەی تەنیا لەسەر خۆیانە و گوتی؛
بابەتەکە پەیوەندی بە ریال مەدریدەوە نییە، ئێمە لە دۆخێکی باشداین و پێویستە هەموو یارییەکان ببەینەوە. ئێمە بیر لەوانی دیکە ناکەینەوە؛ تەنیا سەرنجمان لەسەر خۆمانە.
گلەییەکانی لە ناوبژیوان و ڤار
سەبارەت بەو بڕیارە قورسەی ڤار لە یارییەکەی چامپیۆنزلیگ بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدرید کە بووە هۆی دەرکردنی پاو کوبارسی، فلیک دان بەوەدا دەنێت کە تیپەکەی هەڵەی کردووە، بەڵام بڕیارەکەشی بە یەکییلاکەرەوە ناوبرد.
پێم وایە ڤار بۆ یارمەتیدانی ناوبژیوان هاتووە، بەڵام لە یارییەکەی ئاتلێتیکۆ شتێکی هەڵەیان کرد و یارییەکە لەو ساتەدا یەکلایی کرایەوە.



