فێڵێکی گەورەی فیفا؛ دروستکردنی جۆرێکی نوێی بلیتی مۆندیال هاندەران تووڕە دەکات
بەرەو گرانترین مۆندیال لە مێژوودا؛ فیفا نرخی بلیتەکانی گەیاندە لووتکە

یاریگا –
تەنیا دوو مانگ پێش دەستپێکردنی گەورەترین پاڵەوانێتیی تۆپی پێ لە جیهاندا، فیفا کەوتووەتە ژێر ئابڕووچوونێک و تۆمەتی چەواشەکاری لە پرۆسەی فرۆشتنی بلیتەکانی مۆندیالی 2026.
تۆڕی ئاتلێتیک بڵاویکردووەتەوە، فیفا بە ئامانجی قازانجی زیاتر، یاری بە هەستی هاندەران کردووە.
The Athletic’s investigation into FIFA’s questionable ticketing practices for this summer’s World Cup uncovered a fresh point of controversy.
The governing body has created a new ticketing category to milk even more money from prime seats.
Those most disadvantaged? Buyers who… pic.twitter.com/dvnEjO0ued
— The Athletic | Football (@TheAthleticFC) April 9, 2026
پۆلێنی یەکەم؛ خەونێک کە بوو بە سەراب
لە پاییزی رابردووەوە، ملیۆنان هاندەر بلیتەکانی مۆندیالیان کڕی. زۆرێک لە هاندەران سەدان و هەزاران دۆلاریان خەرج کرد بۆ کڕینی بلیتەکانی ‘پۆلێنی یەکەم’ (Category 1)، کە گرانترین جۆری بلیت بوو. بەگوێرەی ئەو نەخشانەی فیفا بڵاویکردبووەوە، وا بڕیار بوو کڕیارانی ئەم بلیتە لە باشترین ریزەکانی پێشەوەی یاریگاکان دابنیشن، بەڵام هەفتەی رابردوو کاتێک فیفا ژمارەی کورسییەکانی دیاریکرد، هاندەران تووشی شۆک بوون؛ زۆربەیان خرابوونە گۆشەکانی یاریگا یان پشت گۆڵەکان، کە دوورن لەو جۆرە بینینە نایابەی چاوەڕێیان دەکرد.
بۆمبەکە؛ دەرکەوتنی ‘پۆلێنی یەکەمی پێشەوە’ بە نرخی دوو هێندە!
ئەوەی زیاتر هاندەرانی تووڕەکرد، هەنگاوەکەی دواتری فیفا بوو. دوای ئەوەی هاندەرەکانی خستە شوێنە خراپەکانەوە، فیفا لەپڕ جۆرێکی نوێی بلیتی راگەیاند بە ناوی ‘پۆلێنی یەکەمی پێشەوە’ (Front Category 1)، بێ ئەوەی پێشتر هیچ ئاماژەیەکی پێ کردبێت. ئەم پۆلێنە نوێیە تایبەتە بەو ریزانەی پێشەوە کە هاندەران سەرەتا خەونیان پێوە دەبینین، بەڵام ئەمجارە بە نرخی دوو هێندە دەفرۆشرێن!
بۆ نموونە؛
بۆ یاریی نێوان کەنەدا و بۆسنیا، نرخی بلیتەکە لە 2,240 دۆلارەوە بەرزبووەتەوە بۆ 3,360 دۆلار.
بۆ یاریی ئۆرۆگوای و سعوودیە، بلیتی پشت گۆڵەکان لە 600 دۆلارەوە کراوە بە 1,200 دۆلار.
بۆ یاریی ئەمریکا و پاراگوای، نرخی ئەم بلیتە نوێیانە گەیشتووەتە 4,105 دۆلار.
هاندەران بە فیفا دەڵێن؛ درۆزن
ئەم هەنگاوە وایکردووە هاندەران هەست بکەن فێڵیان لێ کراوە. بین کورزمان، یەکێک لە هاندەرەکان بە ئاتلێتیکی راگەیاندووە؛
ئەمە تەنیا سەلماندنی ئەوەیە کە نەخشەکانی سەرەتا چەندە چەواشەکارانە بوون، وای لە خەڵک کرد باوەڕ بکەن بە کڕینی پۆلێنی یەکەم نزیک دەبنەوە لە یاریگاکە، لە کاتێکدا ئەوان هەرگیز پلانیان نەبوو ئەو شوێنانەمان بدەنێ.
وتەبێژێکی فیفا لە وەڵامی ئەم رەخنانەدا تەنیا ئەوەندی وتووە کە نەخشەکانی پێشوو تەنیا بۆ ڕێنوێنی و بەرچاوڕوونی بوون و مەرج نییە رێک وەکوو خۆیان بن.
لەگەڵ نزیکبوونەوەی مۆندیال، ئەم جۆرە مامەڵە بازرگانییانە متمانەی فیفای لای هاندەران خستووەتە ژێر پرسیارێکی گەورەوە.



