ریال مەدرید لە هاویندا بەجدی هەوڵی گواستنەوەی ئۆلیس دەدات
ئاستی ئۆلیس سەرسامی کردوون

یاریگا –
ریال مەدرید لە هاویندا بەجدی بیر لە هەوڵدان بۆ گواستنەوەی مایکڵ ئۆلیس دەکات دوای ئەو ئاستە بەرزەی لە چامپیۆنزلیگ بەرامبەریان نیشانیدا.
مایکڵ ئۆلیس لە یاریی چوون کە 2-1 لە ریال مەدریدیان بردەوە سەرسوڕهێنەر بوو و ئاستێکی نایابی لە بێرنابیۆ پێشکەش کرد. گۆڵەکەی هاری کەینی دروستکرد و لە شەوەکەدا ئاستی لە ڤینیسیۆس جونیۆر و کیلیان ئێمباپێ باشتر بوو. ئەستێرە فەڕەنسییەکە ئەم وەرە لە باشترین ئاست بوو بە راهێنەرایەتی ڤینسنت کۆمپانی، 16 گۆڵی کردووە و 24 گۆڵیشی دروستکردووە لە سەرجەم پاڵەوانییەتییەکاندا. ئاستی یاریزانەکە سەرنجی هەردوو یانەی ریال مەدرید و لیڤەرپوولی راکێشاوە.
بەوگێرەی کریستیان فاڵک، رۆژنامەنووسی ناوداریی ئەڵمانی، سەرۆکی ریال مەدرید، فلۆرێنتینۆ پێرێز سوورە لەسەر فشارکردن بۆ گواستنەوەی و بیر لە ئامادەکردنی ئۆفەرێکی لەنێوان 160-165 ملیۆن یۆرۆیی دەکاتەوە، بەڵام بایرن میونشن هیچ فشارێکی فرۆشتنی ئەستێرەکەی لەسەر نییە، بەهۆی ئەوەی لە گرێبەستەکەیدا هیچ بڕگەیەکی شکاندن نییە.
هەر بە گوێرەی هەمان سەرچاوە، هەڵوێستی یانە باڤارییەکە روونە کە ئامادە نین ئەستێرە فەڕەنسییەکە بفرۆشن، تەنانەت ئەگەر ئۆفەرێکی نزیکەی 200 ملیۆن یۆرۆییشیان پێبگات.
فاڵک لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت:
لە ئەڵمانیا دەنگۆی هاتنە پێشەوە لیڤەرپوولیشمان بیستووە بە ئۆفەرێکی 200 ملیۆن یۆرۆیی بۆ مایکڵ ئۆلیس. دەتوانم پێتان بڵێم کە بەرپرسانی بایرن میونشن بە هیچ شێوەیەک ئامادە نین ئۆلیس بفرۆشن، ئەو داهاتووی یانە باڤارییەکەیە. تەنانەت ئەگەر ئۆفەرێکی 100-200 ملیۆن یۆرۆییش لەسەر مێزی گفتوگۆ بێت، بایرن ئامادە نین گفتوگۆ بکات. بە پێچەوانە دەیانەوێت گرێبەستێکی نوێێ پێشکەش بکەن و هیچ بڕگەیەکی شكاندنی گرێبەستیش بوونی نییە.



