
یاریگا –
هاری مەگوایەر، بەرگریکاری یانەی مانچێستەر یونایتد، گرێبەستێکی گەورە و خەیاڵیی یانەی ئینتەر مەیامی، کە لەلایەن ئەفسانەی ئینگلیزی دەیڤد بێکهامەوە خاوەندارێتی دەکرێت، رەتکردەوە و بڕیاریدا کاروانی وەرزشیی خۆی لە ئۆڵد ترافۆرد کۆتایی پێ بهێنێت.
رۆژنامەی سەن بڵاویکردووەتەوە، ماگوایەر لەپێناو مانچێستەر یونایتد ئۆفەرێکی گەورەی ئینتەر مەیامی رەتکردووەتەوە.
EXC: Harry Maguire snubbed mega-money transfer to David Beckham’s Inter Miami https://t.co/Ek2zjSeMHg
— The Sun Football ⚽ (@TheSunFootball) April 7, 2026
نوێکردنەوەی گرێبەست و رەتکردنەوەی ئۆفەرەکان
بەرگریکارە تەمەن 33 ساڵانەکە، کە بڕیار بوو لەم هاوینەدا ببێتە یاریزانێکی ئازاد، بە فەرمی گرێبەستەکەی لەگەڵ شەیتانە سوورەکان بۆ ماوەی ساڵێک نوێکردەوە، لەگەڵ بوونی بژاردەی درێژکردنەوەی بۆ 12 مانگی دیکەش. سەرەڕای ئەوەی یانەی ناپۆلی و ئینتەر مەیامی ئارەزوویەکی زۆریان بۆ گواستنەوەی هەبوو، بەڵام ماگوایەر بڕیاری مانەوەی دا. یاریزانەکە پلانی هەیە دوای وازهێنان لە یاریکردن، بڕوانامەی راهێنەرایەتی هەر لەناو یانەی مانچێستەر یونایتد بەدەستبهێنێت.
هەستانەوەیەکی سەرسوڕهێنەر
ژیانی وەرزشیی ماگوایەر لە مانچێستەر گۆڕانکارییەکی گەورەی بەخۆیەوە بینی. لە ئابی ساڵی 2023، لەلایەن ئێریک تێن هاخی راهێنەری پێشووەوە شارەی کاپتنی لێ سەندرایەوە و یانەکە ئامادە بوو بە 30 ملیۆن پاوەند بە وێستهامی بفرۆشێت. بەڵام ئێستا، لە ژێر سەرپەرشتی مایکڵ کاریک،راهێنەری کاتیی یانەکە، ماگوایەر لە هەر 10 یارییەکەی راهێنەرە نوێیەکەدا بە شێوەی سەرەکی یاری کردووە و بووەتە یەکێک لە گرنگترین پایەکانی تیپەکە.
گەڕانەوەی ئاستی ماگوایەر وایکرد تۆماس توخێل، راهێنەری هەڵبژاردەی ئینگلتەرا، دوای 18 مانگ دوورکەوتنەوە، ناوی بۆ لیستی سێ شێرەکە بگەڕێنێتەوە بە مەبەستی بەشداریکردن لە مۆندیالی 2026.



