ئیسپانیاچامپیۆنزلیگراپۆرتی تایبەتگرنگترین

ئالڤارۆ ئاربێلوا: ئەوەی باوەڕی ریمۆنتادا نییە با لەگەڵمان نەیەتە میونشن

ئاربێلوا پەیامێکی ئاگرین دەنێرێت

Yariga App

یاریگا –

“بێگومان ئێمە هێشتا زیندووین!” ئەمە یەکەم کاردانەوەی ئالڤارۆ ئاربێلوا، راهێنەری ریال مەدرید بوو دوای شکستە تاڵەکەیان بەرامبەر بایرن میونشن لەنێو خاکی بێرنابیۆ.

سەرەڕای ئەوەی لە سەرەتای یارییەکەدا بە دوو گۆڵی لویس دیاز و هاری کەین دواکەوتن و بەرگرییەکەیان زۆر لاواز دەرکەوت، بەڵام گۆڵەکەی کیلیان ئێمباپێ، پێش گەشتەکەی هەفتەی داهاتوویان بۆ ئەڵمانیا هیوای بۆ یانەی شاهانە گەڕاندەوە.

تۆڕی ئاتلێتیک لە راپۆرتێکدا باس لەو هۆکارانە دەکات بۆچی نابێت ریال مەدرید بە کەم سەیربکرێت و سەرەڕای خراپی دۆخە یانەکە هێشتا، ئەگەری سەرکەوتن و تێپەڕاندنی بایرن میونشنی هەیە.


دیارییەکانی بەرگری و هیوای هێرشبەران

ریال مەدرید، خاوەنی 15 نازناوی چامپیۆنزلیگ، باش دەزانێت چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆخانەدا بکات. ئانتۆنیۆ رودیگەر بە راشکاوی دانی بەوەدانا کە هەردوو گۆڵەکەی بایرن دیاری و هەڵەی خۆیان بوون، بەڵام جەختی کردەوە کە گۆڵەکەی ئێمباپێ وایکردووە هێشتا متمانەیان بە خۆیان بمێنێت. کێشەی بەرگری مەدرید شتێکی نوێ نییە؛ هەر لە سەردەمی کارلۆ ئانچیلۆتی و پاشان چابی ئاڵۆنسۆوە ئەم گرفتە بوونی هەیە، بۆ یاریی داهاتووش ئەرکەکە قورستر دەبێت بەهۆی سڕکردنی ئۆرێلیەن چوامینی. بەڵام لە بەرامبەردا، ئاربێلوا پشتی بە چەکی هێرشبەری بەستووە. ئێمباپێ، کە گۆڵکاری ئەم وەرزەی پاڵەوانێتییەکەیە بە 14 گۆڵ لە 10 یارییدا، شانبەشانی ڤینیسیۆس و بێڵینگهام، دەتوانن لە هەر چرکەیەکدا جیاوازی دروست بکەن.

تارمایی مێژوو و ئەستێرەکان

مێژووی مەدرید پڕە لە گەڕانەوەی ئەفسانەیی؛ تەنیا دوو ساڵ پێش ئێستا بوو کە لە قۆناخی پێش کۆتایی بەرامبەر هەمان یانە، خۆسێلوی تەمەن 36 ساڵ لەسەر کورسی یەدەکەوە هاتە ناوەوە و بە دوو گۆڵ مەدریدی گەیاندە یاری کۆتایی و نازناوی 15ـیەمیان بردەوە. ترێنت ئالێکساندەر ئارنۆڵد، بەرگریکاری یانەکە، لەم بارەیەوە دەڵێت؛

ئەمە تەنیا تەواوبوونی نیوەی یەکەمە. هەموو شتێک لێرە ڕوودەدات، بەتایبەتی کاتێک ناوی ریال مەدرید و چامپیۆنزلیگ پێکەوە دەبەسترێنەوە. ئامانجمان بردنەوەی ئەم نازناوەیە.


ئەوەی باوەڕی نییە، با لە مەدرید بمێنێتەوە

سەرەڕای ئەوەی یاری گەڕانەوە لە ئالیانز ئارێنایە و ساڵی رابردووش مێرێنگی هەر لەم قۆناخەدا بە ئەنجامی 5-1 بە ئارسیناڵ دۆڕا، بەڵام ئاربێلوا نایەوێت گوێ لە لۆژیک بگرێت. کاتێک پرسیاری ئاستی بەرزی مانوێل نۆیەری لێکرا کە 9 سەیڤی کردبوو، ئاربێلوا بە متمانەیەکی زۆرەوە وەڵامی دایەوە؛

ئاستی نۆیەر سەلماندی کە ئێمە دەتوانین زیانیان پێ بگەیەنین. بایرن تیپێکی رێکخراوترە، بەڵام یەکەم قسە کە لە ژووری جلگۆڕین کردم ئەوە بوو کە ئێمە دەچین لەوێ دەیبەینەوە. ئەوەشی باوەڕی بەوە نییە، دەتوانێت هەر لێرە لە مەدرید بمێنێتەوە و لەگەڵمان نەیەت!

بابەتی زیاتر

Back to top button