شۆکێکی گەورە؛ هاندەرانی ریال مەدرید سووکایەتی بە موسڵمانان دەکەن
بەر لە یارییەکەی بایرن میونشن وێنەیەکی شەرمەزارکەریان پێشانی جیهان دا

یاریگا –
پێش دەستپێکی یاریی نێوان ریال مەدرید و بایرن میونشن لە قۆناخی چارەکی کۆتایی چامپیۆنزلیگ، هاندەرانی ریال مەدرید سووکایەتی بە موسڵمانان دەکەن.
خولیان ماسیاس تۆڤار، رۆژنامەنووسی ئیسپانی ڤیدیۆیەکی بڵاوکردووەتەوە، تیایدا دەردەکەوێت هاندەرانی ریال مەدرید بەر لە یارییەکەی بەرامبەر بایرن میونشن بە کۆمەڵ درووشمی سووکایەتی و رەگەزپەرستی بەرامبەر موسڵمانان دەڵێنەوە.
وەکوو دەردەکەوێت بەشێکی زۆر لە هاندەرانی ریال مەدرید لە نزیک بێرنابیۆ درووشمی شەرمەزارکەر دەڵێن و بە روونی دەڵێن؛ “ئەوەی هەڵنەپەڕێت موسڵمانە“.
Cánticos racistas junto al Bernabéu antes del partido de Champions entre el Real Madrid y el Bayern de Munich.
"Musulmán el que no bote".
El Madrid tiene millones de seguidores musulmanes.
Lamentable. pic.twitter.com/pcjshvqRa5— Julián Macías Tovar (@JulianMaciasT) April 7, 2026
لە ماوەی هەفتەیەکدا ئەمە دووەمجارە هەمان رووداو لە ئیسپانیا روودەدات، پێشتر و لە 31ـی ئادار لە یاریی نێوان هەڵبژاردەی ئیسپانیا و هەڵبژاردەی میسڕ کە یارییەکە لە کاتالوونیا بەڕێوەچوو و بە یەکسانبوون و بێ گۆڵ کۆتایی هات. دوای 18 ساڵ لە گەڕانەوەی ئیسپانیا بۆ کاتالوونیا، رووداوەکان وێنەیەکی شەرمەزارکەریان پێشانی جیهان دا.
دروشمە دژە ئیسلامییەکان و نیگەرانبوونی لامین یامال
دوای تێپەڕینی تەنها 10 خولەک بەسەر یارییەکەدا، بەشێک لە هاندەران دەستیان بە وتنەوەی درووشمی شەرمەزارکەر کرد و بە روونی دەیانگوت؛ “ئەوەی هەڵنەپەڕێت موسڵمانە“. ئەم درووشمانە لە گێمی دووەمیشدا دووبارە بوونەوە. ئەم سووکایەتییە زیانێکی گەورەی بە وێنەی ئیسپانیا گەیاند، بەتایبەتی کە یەکێک لە ئەستێرە درەوشاوەکانی هەڵبژاردەکە، لامین یامال، پەیڕەوی ئایینی ئیسلام دەکات. یامال کە لە نێوان دوو گێمەکەدا گۆڕانکاری پێکرا، دوای فیکەی کۆتایی بە دڵگرانییەکی زۆرەوە بەرەو ژووری جلگۆڕین رۆیشت، وەکوو کاردانەوەیەکیش تاوەکوو چەند کاتژمێرێک دوای یارییەکە، هیچ شتێکی لە سۆشیاڵ میدیاکانی خۆی بڵاونەکردەوە.
دوای ئەو شەپۆلە رەگەزپەرستییەی لە یاریی نێوان ئیسپانیا و میسر روویدا، لامین یامال، ئەستێرەی هەڵبژاردەی ئیسپانیا، پەیامێکی کاریگەری بڵاوکردەوە و وەڵامی ئەو هاندەرانەی دایەوە کە دروشمی دژ بە موسڵمانیان دەگوتەوە.
یامال لە سەرەتای پەیامەکەیدا بە راشکاوی دەڵێت؛ “من موسڵمانم، سوپاس بۆ خوا” و ئاماژە بەوە دەکات کە بیستنی دروشمی “ئەوەی هەڵنەپڕێت موسڵمانە” لە ناو یاریگادا، کارێکی تەواو بێڕێزانە و ناخۆشە.
تەواوی بەیاننامەکەی لامین یامال…
من موسڵمانم، سوپاس بۆ خوا.
دوێنێ لە ناو یاریگادا، دروشمی “ئەوەی هەڵنەپەڕێت موسڵمانە” بیسترا، دەزانم مەبەست لێی دروستکردنی کێبڕکێ بوو لەگەڵ تیپی ڕکابەر و شتێک نەبوو ڕاستەوخۆ دژی من بێت.
بەڵام وەکوو موسڵمانێک، لای من ئەمە هەر بە بێڕێزی و شتێکی زۆر ناخۆش دەمێنێتەوە.
تێدەگەم کە هەموو هاندەرەکان وەکوو یەک نین بەڵام بۆ ئەوانەی ئەم جۆرە شتانە دەڵێنەوە؛
بەکارهێنانی ئایین وەکوو گاڵتەجاڕی لە ناو یاریگادا، وەکوو مرۆڤێکی نەفام و رەگەزپەرست دەرتاندەخات.
تۆپی پێ بۆ چێژبینین و هاندانە، نەوەک بۆ بێڕێزیکردن بە مرۆڤەکان، تەنیا لەبەرئەوەی کێن یان بڕوایان بە چی هەیە.
لەگەڵ ئەوەشدا، سوپاس بۆ ئەو کەسانەی هاتن بۆ هاندانمان، لە مۆندیالدا دەتانبینمەوە
لامین یامال بەیاننامەیەک لەبارەی رووداوەکەی شەوی رابردووی یارییەکەی بەرامبەر میسڕ بڵاودەکاتەوە



