بەبێ چوامینی؛ پلانەکانی ئالڤارۆ ئاربێلوا بۆ ریمۆنتادا ئاشکرا دەبن
کێ دەبێتە جێگرەوەی چوامینی لە ئالیانز ئارێنا؟

یاریگا –
ریال مەدرید سەرەڕای شکستی 2-1 لە یاریی چوون، هێشتا بە ئومێدەوە سەیری یاری گەڕانەوەی چارەکی کۆتایی چامپیۆنزلیگ دەکات، بەڵام گەورەترین سەرێشە بۆ ئاربێلوا، سڕکردنی ئۆرێلیەن چوامینییە کە بەهۆی وەرگرتنی کارتی زەردەوە ناتوانێت بەشداریی یارییەکە بکات.
میلیتاو و بێڵینگهام دەگەڕێنەوە پێکهاتەی سەرەکی
رۆژنامەی ئاس ـی نزیک لە یانەی ریال مەدرید بڵاویکردووەتەوە، ئاربێلوا بڕیاریداوە دوو گۆڕانکاری گرنگ لە پێکهاتەکەیدا بکات؛
ئێدێر میلیتاو: دوای ئەوەی بەرامبەر مایۆرکا و لە خولەکەکانی کۆتایی یاری بایرن ئاستێکی بەرزی پێشاندا، میلیتاو دەگەڕێتەوە دڵی بەرگری و پێدەچێت لە جێگەی هاوسن یاریی بکات.
جود بێڵینگهام: دوای ئەوەی لە یاریی چوون لەسەر کورسی یەدەک بوو، بێڵینگهام لە یارییەکەی بایرن میونشن بە وزەیەکی زۆرەوە هاتە ناو یاریگا و مەترسییەکی زۆری دروست کرد. چاوەڕوان دەکرێت لە میونشن لە سەرەتاوە یاریی بکات.
کێ جێگەی چوامینی دەگرێتەوە؟
ئەمە گەورەترین پرسیارە و ئاربێلوا سێ بژاردەی لەبەردەستە؛
ئێدواردۆ کاماڤینگا؛ بژاردە هەرە سادەکەیە، بەڵام مەترسییەکە لەوەدایە کاماڤینگا زۆر پابەندی شوێنەکەی نابێت و زیاتر حەزی بە هێرشبردنە، وەکوو چۆن لە یاری مایۆرکا بەهۆی بێئاگایی ئەو گۆڵیان لێکرا.
فێدریکۆ ڤالڤێردی؛ ئەگەری هەیە ڤالڤێردی لە باڵی راستەوە بهێنرێتە ناوەندی یاریگا بۆ ئەوەی هاوشانی تیاگۆ پیتارچ یاری بکات، ئەمەش هێز و توانایەکی زیاتر بە هێڵی ناوەند دەبەخشێت بۆ راگرتنی هێرشەکانی بایرن.
بژاردەی سێیەم (سوپرایز)؛ ئەگەری هەیە یەکێک لە بەرگریکارەکان بخرێتە شوێنی چوامینی بۆ ئەوەی دیوارێکی بەهێزی بەرگری لە پێش هێڵی دواوە دروست بکات.
بۆچی هاندەران گەشبینن؟
سەرەڕای دۆڕان، مەدرید لە یاری چووندا چەندین هەلی بۆ رەخسا و نۆیەری گۆڵپارێز رێگر بوو لە یەکسانبوونەوەیان. تەنیا جیاوازی یەک گۆڵ و گەڕانەوەی ئەستێرە کاریگەرەکان بۆ پێکهاتەی سەرەکی، وایکردووە ئاربێلوا باوەڕی تەواوی بەوە هەبێت کە لە میونشن دەتوانن بلیتی نیوەی کۆتایی ببڕن.



