
یاریگا –
نەورۆز میوانداری کەرخ دەکات و راهێنەری تیپەکەش باسی ئەو شێوازی یارییکردنە دەکات کە لەم یارییە یاریی پێدەکات.
لە گەڕی 27ـی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق، چوارشەممە ( 8ـی نیسانی 2026 ) نەورۆز لە یاریگای خۆی کاتژمێر 5ـی ئێوارە رووبەڕووی کەرخ دەبێتەوە، لە مێژوودا هەردوو یانە نۆ یاریی فەرمیان بەرامبەر یەکتر کردووە، نەورۆز لە سێ یارییدا براوە بووە و کەرخیش دوو سەرکەوتنی بەدەستهێناوە و لە چوار یارییشدا یەکسان بوونە، بۆ یارییەکەی ئەمڕۆش راهێنەری نەورۆز باسی شێوازێکی جیاواز دەکات کە یاریی پێدەکەن.
وەلی کەریم، راهێنەری نەورۆز دەربارەی ئامادەکاری تیپەکە و شێوازی یارییکردنی لەم یارییەدا گووتی:
کەرخ تیپێکی باشە و ئەوان بەشێوەی تۆپی بەرز و درێژ زیاتر یاریی دەکەن، بۆ راگرتنی ئەم شێوازەش پێویستە لەسەر تۆپی جێگیر یاریی بکەین بۆ ئەم مەبەستەش لە راهێنانەکان کارمان لەسەر کردووە، پێویستە یاریزانەکانمان لە رووی بەرگرییەوە باش یاریی بکەن و تا کۆتا خولەک لەکەشی یارییەکەدا بن، سەرکەوتنمان لەم یارییە لە کاتێکی گرینگ و باش دەبێت کە یانەکە پێویستیەتی.
نەورۆز بە 38 خاڵ لە ریزبەندی نۆیەمی خولەکە دێت، گەڕی داهاتووش هەر لە سلێمانی میوانداری مینا دەکات، کەرخیش 44 خاڵی هەیە و لە ریزبەندی حەفتەمی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق دێت.



