خۆمان دیارییمان پێشکەشی بایرن کرد؛ رودیگەر پەنجە لەسەر برینەکانی ریال مەدرید دادەنێت
"هیوا ماوە"

یاریگا –
ئانتۆنیۆ رودیگەر، بەرگریکاری یانەی ریال مەدرید، بە راشکاوی و بێپێچوپەنا باسی لە شکستە تاڵەکەی یانەکەی کرد بە ئەنجامی 2-1 بەرامبەر بایرن میونشن لە یاری چوونی قۆناخی چارەکی کۆتایی چامپیۆنزلیگ.
گۆڵەکان دیاری بوون
لە چاوپێکەوتنێکی خێرادا بۆ کەناڵی Movistar Plus+ دوای یارییەکە، بەرگریکارە ئەڵمانییەکە تیشکی خستە سەر ئەو هەڵانەی کە بوونە هۆی ئەوەی گۆڵیان لێبکرێت؛
لە گێمی دووەمدا هاتینە ناو یاریگا و دەستبەجێ گۆڵێکمان لێکرا. بە بڕوای من، لە هەردوو گۆڵەکەدا هەڵەی گەورەمان کرد؛ گۆڵەکان بەڕاستی دیاری بوون کە پێشکەشی بایرنمان کردن.
باجی لەدەستدانی تۆپ
رودیگەر دانی بەوەدانا کە پێشتر قسەیان لەسەر مەترسییەکانی لەدەستدانی تۆپ کردووە، بەڵام هەمان هەڵەیان دووبارە کردەوە؛
جەختمان لەسەر ئەوە کردبووەوە کە نابێت بە ئاسانی تۆپ لەدەست بدەین، چونکە لەم قۆناخەدا زۆر مەترسیدارە، بەڵام لە کۆتاییدا هەر ئەوە روویدا کە لێی دەترساین.
کێشەی هێرشبەران و ستایشی مانوێل نۆیەر
سەرەڕای ئەوەی مەدرید 20 شووتی ئاراستەی گۆڵی بەرامبەر کرد، بەڵام نەیانتوانی لە یەک گۆڵ زیاتر بکەن. لەم بارەیەوە رودیگەر گوتی؛
کاتێک ئێمباپێ گۆڵەکەی کرد، هەموو شتێک گۆڕا و هیوای پێ بەخشین. هەلی ئەوەمان هەبوو گۆڵی زیاتر بکەین، دەبێت زیاتر شووت بکەین، بەڵام دەبێت بۆ ناو چوارچێوەی گۆڵ بێت.
هەروەها سەبارەت بە ئاستی یانەی بەرامبەر ستایشی هاونیشتیمانییەکەی کرد ورایگەیاند؛
باشترین یاریزانی ئەمڕۆی بایرن میونشن مانوێل نۆیەری گۆڵپارێز بوو.
هیوای گەڕانەوە لە میونشن
لە کۆتاییدا، سەبارەت بە یاری گەڕانەوە لە یاریگای ئالیانز ئارینا و چانسی سەرکەوتنیان، رودیگەر پەیامێکی متمانەبەخشی بۆ هاندەران نارد و گوتی؛
بێگومان هیوامان ماوە و هەمیشەش هیوامان هەیە.



