
یاریگا –
دیێگۆ سیمیۆنی، راهێنەری ئاتلێتیکۆ مەدرید پلانێکی جیاوازی بۆ وەستاندنی لامین یامال، هێرشبەری بارسێلۆنا داڕشتووە.
رۆژنامەی سپۆرت بڵاویکردووەتەوە، دیێگۆ سیمیۆنی داوای لە یاریزانەکانی کردووە لە یارییەکەی ئەمشەو بە هەموو شێوەیەک هەوڵی تووڕەکردنی لامین یامال بدەن بۆ ئەوەی ئەو ئەستێرە ئیسپانییە کۆنتڕۆڵی خۆی لەدەست بدات و کارتێکی زەرد وەربگرێت و لە یاریی گەڕانەوە بێبەش بێت.
راهێنەرە ئەرجەنتینییەکە لە یاریی رابردووی نێوان هەردوو یانە لە لالیگا پلانێکی نامۆی بەکارهێنا و بە هەموو شێوەیەک هەوڵی ماندووکردنی یاریزانانی بارسێلۆنای دەدا، بۆ ئەوەی یانە کاتالوونیەکە بۆ یارییەکانی چامپیۆنزلیگ شەکەت بکات.
سیمیۆنی لە ئێستاوە بیر لە یاریی گەڕانەوە دەکاتەوە و دەیەوێت لامین یامال لەو یارییە بێبەش بکات، چونکە رافینیا، هێرشبەری بەڕازیلی بەهۆی پێکان تاوەکوو چوار هەفتەی دیکە ناگەڕێتەوە، بەشدارینەکردنی یامالیش هێڵی پێشەوەی بارسێلۆنا بەتەواوی لاواز دەکات.
هەر بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامە کاتالوونیەکە، هانزی فلیک گفتوگۆیەکی چڕی لەگەڵ لامین یامال کردووە، ئامۆژگاری کردووە ئارامی خولی لەدەست نەدات و نەکەوێتە داوی پلانەکانی سیمیۆنی و بەهیچ شێوەیەک خۆی رووبەڕووی وەرگرتنی کارتی زەرد نەکاتەوە.
ئەمشەو 8ـی نیسانی 2026، کاتژمێر 22:00 بەکاتی هەولێر، بارسێلۆنا لە یاریی چوونی قۆناخی چارەکی کۆتایی چامپیۆنزلیگ میوانداری ئاتلێتیکۆ مەدرید دەکات.



