ئیسپانیاچامپیۆنزلیگگرنگترین

کۆتایی جەنگی پێنج ساڵە؛ ئالێکساندەر جێفرین و فلۆرێنتینۆ پێرێز پێکەوە دادەنیشن

ئەمشەو بێرنابیۆ دەبێتە ناوەندی بڕیاری نوێی ئەوروپا

Yariga App

یاریگا –

یاریی لووتکەی نێوان ریال مەدرید و بایرن میونشن تەنیا جەنگێکی نێو یاریگا نابێت، بەڵکوو دەبێتە وێستگەی راگەیاندنی ئاشتیی هەمیشەیی لە نێوان فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا و پڕۆژەی سوپەرلیگ.

رۆژنامەی ئاس بڵاویکردووەتەوە، ئەمشەو لە یارییەکەی ریال مەدرید و بایرن میونشن، ئالێکساندەر جێفرین، سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی ئەوروپا لە بێرنابیۆ ئامادەبێت و لەتەنیشت فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی ریال مەدرید دادەنیشێت.

کۆتاییهاتنی سەردەمی شەڕ و دەستپێکی سەردەمی نوێ

ئەم ئامادەبوونەی سەرۆکی یوێفا لە یاریگای بێرنابیۆ، ئاماژەیەکی روونە بۆ ئەوەی کە هەردوولا گەیشتوونەتە رێککەوتن بۆ ئەوەی دەست لە دەستی یەک، پەرە بە داهاتووی تۆپی پێی کیشوەرەکە بدەن. ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە هەردوولا تێگەیشتن هاندەر پێویستی بەوەیە ببینێت تۆپی پێی ئەوروپا لەسەر یەک رێڕەو دەڕوات، نەوەک لە نێو ململانێی یاسایی و میدیاییدا.

ناسر خلێفی؛ ئەندازیاری ئاشتەواییەکە

بەگوێرەی زانیارییەکانی هەمان سەرچاوە، ناسر خلێفی، سەرۆکی یانەی پاریس سان جێرمان،رۆڵی سەرەکی و یەکلاییکەرەوەی هەبووە لە نزیککردنەوەی دیدگای پێرز و جێفرین. ئەو کەسە بووە کە پێداگری کردووە لەسەر ئەوەی هەموو لایەنەکان لەسەر مێزی گفتوگۆ دابنیشن بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک کە لە بەرژەوەندی هەمووان بێت.

گۆڕانکاری لە چامپیۆنزلیگ و مافی پەخش

هەرچەندە مۆدێلی ئێستای چامپیۆنزلیگ تاوەکوو حوزەیرانی 2027 بەردەوام دەبێت، بەڵام کارکردن بۆ گۆڕانکاریی ریشەیی دەستیپێکردووە. یوێفا خەریکی لێکۆڵینەوەیە لە گۆڕینی سیستەمی پەخشی تەلەفزیۆنی، بە جۆرێک کە هاوشێوەی پرێمەرلیگ بێت و بژاردەی جیاواز بۆ هاندەران بڕەخسێنێت، لەوانە پەخشی بێ ریکلام یان پەخشی هەرزانتر کە ریکلامی تێدا بێت.

میوانە گەورەکانی دیکەی بێرنابیۆ

هەمان سەرچاوە ئەوەشی خستووەتەڕوو، جگە لە جێفرین، رافایل لۆزان سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا ئامادەی یارییەکە دەبێت. چاوەڕوان دەکرێت چەندین سەرۆک یانەی دیکەی گەورەی ئەوروپا لە ناوچەی میوانە تایبەتەکانی بێرنابیۆ ئامادەبن بۆ بینینی ئەم ساتە مێژووییە کە تێیدا نە براوە هەیە و نە دۆڕاو، بەڵکوو تەنیا ئامانج باشترکردنی تۆپی پێیە.

بابەتی زیاتر

Back to top button