ئیسپانیاچامپیۆنزلیگگرنگترین

ناوماڵی ریال مەدرید؛ شکستەکەی مایۆرکا گورزێکی کوشندە لە ورەی یاریزانانی یانەکە دەدات

لە ریال مەدرید چ باسە؟

Yariga App

یاریگا – ئاتلێتیک

بەخێربێن بۆ زنجیرەی ئەم هەفتەیەی ‘ناوماڵی ریال مەدرید‘ کە زنجیرەیەکی هەفتانەیە و تۆڕی یاریگا و ئاتلێتیک بە درێژایی وەرزی 2025/2026 پێشکەشتانی دەکەن.

هەموو هەفتەیەک زانیاریی ورد، شیکاریی سەرەکی و گرنگترین زانیارییەکانی ناو یانەی ریال مەدرید پێشکەشی هاندەرانی مێرێنگی دەکەین.

ئەم زانیارییانە رەنگدانەوەی چەندین گفتوگۆیە لەگەڵ سەرچاوە جیاوازەکانی ریال مەدرید و زانیارییەکان تەواو متمانەپێکراون.
زۆرترین قسە و باسی ئێستای ریال مەدرید چییە؟

لە نوێترین زانیارییەکانی ناوخۆی یانەی ریال مەدریددا، باس لەو بارودۆخە ئاڵۆزە دەکرێت کە دوای شکستەکەی بەرامبەر مایۆرکا باڵی بەسەر ژووری جلگۆڕینی یانەکەدا کێشاوە، بەتایبەت کە ئێستا هەموو سەرنجەکان لەسەر یارییە چارەنووسسازەکەی رۆژی سێشەممەیە بەرامبەر بایرن میونشن لە قۆناخی چارەکی کۆتایی چامپیۆنزلیگ.

لالیگا لە دەست دەرچوو؛ چامپیۆنزلیگ تاکە هیوایە

شکستی 2-1 بەرامبەر مایۆرکا وایکرد کە بارسێلۆنا بە جیاوازی 7 خاڵ لە پێشەنگی خولەکە بمێنێتەوە، لە کاتێکدا تەنیا هەشت یاری ماوە بۆ کۆتاییهاتنی وەرزەکە. ئەمە پاشەکشەیەکی ئازاربەخش بوو، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی ئەو جۆش و خرۆشەی مەدرید دروستی کردبوو بەهۆی پێنج بردنەوەی لەسەریەک پێش وەستان بەهۆی یارییە نێودەوڵەتییەکان، لە نێویاندا بردنەوەیەکی سەرنجڕاکێش بە کۆی گشتی 5-1 بەرامبەر مانچێستەر سیتی لە قۆناخی 16ی چامپیۆنزلیگ.

ئەمەش واتای ئەوەیە کە تیپەکەی ئالڤارۆ ئەربێلوا بە شێوەیەکی کرداری لە کێبڕکێی بردنەوەی نازناوی لالیگا دوورکەوتووەتەوە. ئاتلێتیک لە چەند سەرچاوەیەکی نێو یانەکەوە زانیویەتی دوای شکستەکە ورەی یاریزانەکان زۆر دابەزیوە، بەڵام ستافی راهێنەران هەوڵ دەدەن ئەم شکستە بکەنە پاڵنەرێک بۆ چامپیۆنزلیگ.

تۆڕە ئەمریکییەکە ئەوەشی خستووتەڕوو، دوای یارییەکەی مایۆرکا، یاریزانانی ریال مەدرید بێزاری خۆیان سەبارەت بە ئاستی تیپەکە دەربڕیوە، بەتایبەت تیشکیان خستە سەر نەبوونی پابەندبوون کاتێک تۆپەکەیان لا نییە.

ئامارە مەترسیدارەکانی ئاربێلوا و رەخنە لە کاماڤینگا

ئاربێلوا کە لە مانگی یەکدا شوێنی چابی ئەلۆنسۆی گرتەوە، ئامارەکانی دڵخۆشکەر نین؛ لە 18 یاریدا 5 شکستی هێناوە لە کاتێکدا ئالۆنسۆ لە 34 یاریدا 6 شکستی هەبوو.

لە یارییەکەی مایۆرکادا، کیلیان ئێمباپێ بۆ یەکەمجار لە دوای 21ـی  شووباتەوە وەکوو یاریزانی سەرەکی یاریکرد و لە گێمی یەکەمدا ئاستێکی باشی هەبوو. بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنج بوو، ئاستی لاوازی ئێدورادۆ کاماڤینگا بوو کە لە ئامادەنەبوونی ڤاڵڤێردیدا یاریی دەکرد. کەمتەرخەمی کاماینگا لە چاودێرینەکردنی یاریزانی بەرامبەر بووە هۆی کردنی گۆڵی یەکەمی مایۆرکا.

ئاربێلوا بە توڕەییەوە لە کۆنگرەی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند؛

کاتێک سەرنجت نامێنێت، چاودێری یاریزانەکەی بەرامبەرت ناکەیت و باجەکەی دەدەیت. زۆر ئاسانە خاڵی بەهێزی رکابەرەکەت بزانیت، بەڵام ئەوەی قورسە ئەوەیە تێبگەین بەبێ پێدانی لە 200%ـی تواناکانمان لەلایەن هەمووانەوە، هەرگیز ناتوانین یاری ببەینەوە


بێڵینگهام هیلاکە و گۆڵەکەی میلیتاویش بێسوود بوو

لە خولەکی 59، جود بێلینگهام و ڤینیسیۆس جۆنیۆر هاتنە نێو یاریگا، بەڵام بێلینگهام هێشتا بەدەست پێکانەکەی رانیەوە دەناڵێنێت و زۆر هیلاک دیار بوو، ئەمەش وایکرد یانەکە نەتوانێت کۆنترۆڵی یارییەکە بکات.

خاڵی ئەرێنی تەنیا گەڕانەوەی ئێدێر میلیتاو بوو دوای زیاتر لە چوار مانگ دابڕان، کە توانی لە خولەکی 87 گۆڵی یەکسانبوون بە لێدانی سەر بکات. بەڵام مایۆرکا لە خولەکی 91 گۆڵی کوشندەی کرد و شۆکی خستە ناو مەدریدییەکانەوە. دیمەنی دانی کارڤاخال لەسەر کورسی یەدەک کە بە شۆکەوە سەیری دەکرد، گوزارشتی لە گەورەیی کارەساتەکە دەکرد بۆ مەدرید.

پێویستە ئەم هەفتەیە چاومان لەسەر چی بێت؟
دانی سیبایۆس لە دوای یارییە نێودەوڵەتییەکانەوە لەگەڵ تیپەکە مەشق دەکات و گەڕاوەتەوە، هەروەها فێرلاند مێندییش گەڕاوەتەوە، یانەکە ئامانجی ئەوەیە بۆ یاریی گەڕانەوە بەرامبەر بایەرن میونشن لە رۆژی چوارشەممە، 14ـی نیسان ئامادەبێت.

بابەتی زیاتر

Back to top button