ئیسپانیاگرنگترین

گفتوگۆی نێوان ناوبژیوان و ژووری ڤار ئاشکرا دەکرێت؛ بۆچی کارتە سوورەکەی جێرارد مارتن رەتکرایەوە؟

نهێنییەکانی ژووری ڤار ئاشکرا دەبن و کاردانەوەی زۆری لێدەکەوێتەوە

Yariga App

یاریگا –

فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا تۆماری دەنگی ژووری ڤاری بۆ دوو حاڵەتی دەرکردن لە یارییەکەی نێوان بارسێلۆنا و ئاتلێتیکۆ مەدرید بڵاوکردەوە، کە یەکێکیان کاردانەوەی زۆری لێکەوتووەتەوە.

شەوی رابردوو لە گەڕی 30ـی یارییەکانی لالیگا، ئاتلێتیکۆ مەدرید میوانداری بارسێلۆنای کرد و 2-1 یارییەکەی بە یانەی میوان دۆڕاند. لە کاتی یارییەکە چەندین حاڵەتی توند لەنێوان یاریزانان هەبوو و رەتکردنەوەی کارتە سوورەکەی جێرارد مارتن زۆرترین کاردانەوەی لێکەوتەوە.

هێشتا یەک خولەک بەسەر گێمی دووەمدا تێنەپەڕیبوو، جێرارد مارتن بەهۆی لێدانێکی توند لە تیاگۆ ئالمادا، کارتی سووری بە روودا بەرزکرایەوە. یاریزانە لاوەکەی بارسێلۆنا دوای بەرکەوتنی بە تۆپەکە، بە توندی قاچی لەسەر قاچی یاریزانە ئەرجەنتینییەکە دانا. ماتیۆ بوسکێتس فێرێری ناوبژیوان راستەوخۆ کارتی سووری بە مارتن دا، لەو کاتەدا، مێلێرۆ لۆپێز لە ژووری ڤارەوە ئاگاداری کردەوە بۆ ئەوەی پێداچوونەوە بۆ حاڵەتەکە بکات.

لەو تۆمارە دەنگییەدا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە، ناوبژیوانی ڤار دەڵێت؛

پێشنیار دەکەم پێداچوونەوەیەک بکەیت بۆ ئەوەی هەڵسەنگاندن بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو کارتی سوورە بکەیت کە بە یاریزانەکەت داوە، کاتێک چوویتە بەر شاشەکە، ئاگادارم بکەوە. بە خاوی پێشانت دەدەم بۆ ئەوەی بڕیاری لەسەر بدەیت. بە بۆچوونی من، حاڵەتێکە کە یاریزانەکەی بارسێلۆنا بە شێوەیەکی ئاسایی یاری بە تۆپەکە دەکات، جووڵەیەکی ئاسایی یارییەکەیە، یاری بە تۆپەکە دەکات و دواتر بەرکەوتنەکە لەگەڵ یاریزانەکەی ئاتلێتیکۆ بە شێوەیەکی سروشتی روودەدات.

دوای سەیرکردنی حاڵەتەکە لەسەر شاشەکە و گوێگرتن لە هاوپیشەکەی لە ژووری ڤار، بوسکێتس فێرێر بڕیاریدا کارتی سوورەکە هەڵبووەشێنێتەوە و کارتی زەرد بە یاریزانەکەی بارسێلۆنا بدات. ناوبژیوانەکە دەڵێت؛

باشە، یاریزانەکەی بارسێلۆنا کۆنترۆڵی تۆپەکەی کردووە، یاری بە تۆپەکە دەکات و دواتر لە جوڵەیەکی ئاساییدا قاچی دەنێتە سەری. کارتی سوورەکە رەتدەکەمەوە و کارتی زەردی پێ دەدەم.

ئەم بڕیارە بووە هۆی دروستبوونی مشتومڕێکی زۆر و هاندەرانی ئاتلێتیکۆی تووڕەکرد، بەتایبەتی دوای ئەوەی ڤیدیۆیەکی هاوشێوەی نێوان ڤالێنتین گۆمێز، یاریزانی ریال بێتیس و ئاندرێ راتسو، یاریزانی رایۆ ڤایێکانۆ بڵاوبووەوە، کە پێشتر لیژنەی ناوبژیوانان پێنەدانی کارتی سووری لەو حاڵەتەدا بە هەڵە لە قەڵەم دابوو.

بابەتی زیاتر

Back to top button