شیکاریی؛ شەش هۆکار ئینگڵتەرا دەکەنە پاڵەوانی مۆندیالی 2026
دوای 60 ساڵ چاوەڕوانی؛ تێلێگراف مژدەی بردنەوەی مۆندیال بە هاندەرانی ئینگلتەرا دەدات

یاریگا –
ئامانجی سەرەکیی تۆماس توخێل روونە؛ زیادکردنی ئەستێرەی دووەم بۆ سەر درێسی هەڵبژاردەی ئینگلتەرا. دوای شکستهێنان لە دوو یاریی کۆتایی جامی نەتەوەکانی ئەوروپا، هاندەرانی سێ شێرەکە هیوایان بە مۆندیالی 2026.
رۆژنامەی تێلێگراف لە راپۆرتێکدا شەش هۆکاری سەرەکیی دەخاتەڕوو کە چۆن ئەمجارە ‘جامی جیهانی دەگەڕێتەوە نیشتیمان‘.
🏆 Can England end 60 years of hurt and finally regain the World Cup?
Predict how you think the group stages and knockout rounds will unfold before selecting your champion using our new interactive tool ⤵️https://t.co/Yr8oVfJeHY pic.twitter.com/NAB419G5Dc
— Telegraph Football (@TeleFootball) April 4, 2026
1. مێژووی درەوشاوەی تۆخێل لە پاڵەوانێتییەکاندا
توخێل شارەزایەکی بێهاوتایە لە یارییە یەکلاکەرەوەکاندا، لە ماوەیەکی کورتدا توانی چێڵسی بکاتە پاڵەوانی چامپیۆنزلیگ و پێشتریش پاریس سان جێرمانی گەیاندە یاریی کۆتایی، ئەگەرچی لە خولە درێژخایەنەکاندا هەندێک جار کێشەی بۆ دروستدەبێت، بەڵام بۆ پاڵەوانێتییەکی پێنج هەفتەیی وەکوو مۆندیال، بیرکردنەوەی تاکتیکیی توخێل باشترین چەکە.
2. پێکهاتەیەکی جەنگاوەر و بەئەزموون
بۆ بردنەوەی مۆندیال، پشت بە یاریزانی لاو نابەسترێت، بەڵکوو پێویستت بە ئەزموونە. پێشبینی دەکرێت تێکڕای تەمەنی پێکهاتەی سەرەکیی ئینگلتەرا بۆ ئەم مۆندیالە 26.5 ساڵ بێت، کە ئەمەش تەمەنی زێڕینی یاریزانە. زۆربەی ئەستێرەکان، وەکوو دێکلان رایس و بوکایۆ ساکا لە ئارسیناڵ و جود بێڵینگهام لە مەدرید، ئەزموونێکی زۆری یارییە قورسەکانیان کۆکردووەتەوە و راهاتوون لەسەر پەستانی پاڵەوانێتییە گەورەکان.

3. مەترسی لە لێدانە جێگیرەکاندا
لە پاڵەوانێتییە نێودەوڵەتییەکاندا، کە کاتی مەشقکردن کەمە، لێدانە جێگیرەکان کلیلێکی خێران بۆ گۆڵکردن. توخێل گرنگییەکی زۆر بەم لایەنە دەدات. بە بوونی جێبەجێکاری نایابی وەک رایس، ساکا، و ریس جەیمس، لەگەڵ یاریزانە باڵابەرزەکانی ناو هێڵی سزا، ئینگلتەرا دەتوانێت زۆرترین سوود لە فاوڵ و کۆڕنەرەکان ببینێت.
4. چارەسەربوونی کێشەی هێڵەکان
لە یۆرۆی رابردوو، ئینگلتەرا کێشەی باڵی چەپ و نەبوونی هاوبەشێکی گونجاوی بۆ رایس لە هێڵی ناوەڕاستدا هەبوو، بەڵام ئێستا بژاردەی باشتر لەبەردەستدان؛ گەڕانەوەی لووک شۆو و دەرکەوتنی لویس هۆڵ کێشەی باڵی چەپیان چارەسەر کردووە. لە ناوەڕاستیشدا یاریزانی وەک ئیلیۆت ئێندەرسن و ئادەم وارتن هاوسەنگییان بۆ تیپەکە گەڕاندووەتەوە.

5. هاری کەینێکی پشوودراوتر و مەترسیدارتر
کەین لەگەڵ بایرن میونشن باشترین وەرزی گۆڵکاریی خۆی بەڕێدەکات و تاوەکوو ئێستا 48 گۆڵی کردووە. خاڵی گرنگ لێرەدا ئەوەیە؛ خولی ئەڵمانی لە 18 یانە پێکدێت و پشووی زستانەی هەیە، ئەمەش وای کردووە کەین جەستەی کەمتر ماندووبێت بەراورد بە ساڵانی پێشوو، بۆیە بە وزەیەکی زیاترەوە بەشداریی مۆندیال دەکات.
6. زۆریی ئەستێرە دروستکەرەکان
سەردەمی یارییکردنی وشک و کلاسیکیی ئینگلتەرا کۆتایی هاتووە، ئێستا توخێل کۆمەڵێک ئەستێرەی داهێنەری لەبەردەستدایە کە دەتوانن لە بۆشاییە بچووکەکاندا جیاوازی دروستبکەن. بێڵینگهام، کۆڵ پاڵمەر، فیڵ فۆدن و ئێبێرێچی ئێزێ هەریەکەیان خاوەنی تایبەتمەندیی جیاوازن. کێشەی توخێل ئێستا ئەوەیە چۆن بتوانێت ئەم هەموو بەهرەمەندە لە یەک کاتدا بەکاربهێنێت، ئەمەش کێشەیەکی دڵخۆشکەرە.



