
یاریگا –
زاخۆ بەبێ ئامادەبوونی هەشت یاریزانی تیپەکەی لە دەرەوەی یاریگای خۆی سەرکەوتنێکی گرینگی بەدەستهێنا، راهێنەری تیپەکەش ستایشی ئاستی یاریزانەکان دەکات.
لە گەڕی 26ـی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق، زاخۆ لە یاریگای کاپتن شەڕاڕ حەیدەر بە ئەنجامی 2 _ 1 لە ئەمانەی بەغدای بردەوە، لەم یارییەدا هەشت یاریزانی زاخۆ بە هۆکاری جیاواز لە یارییەکە دابڕابوون، محەمەد سەواڵە، ئیندری چەکیچی، جۆسێپ ماوریسیۆ، شێرکۆ کەریم، ئیچیتا دیپۆتی، ئوسامە رەشید لەگەڵ هادی کەریم بە هۆی پێکانەوە یارییان نەکرد، ئەمجەد عەتوانیش بەهۆی کەڵەکە بوونی کارتەکانی بەشداری نەکرد.
ئەیوب ئۆدیشۆ، دوای تەواوبوونی یارییەکە ستایشی ئاستی یاریزانەکانی کرد و دەربارەی سەرکەوتنەکەشیان گووتی:
ئێمە لە گێمی یەکەم باش یارییمان کرد، بەڵام هەڵەی یاریزان لە تۆپی پێ هەمیشە کراوەیە، وێڕای ئەوەی توانای یاریزانێکی زۆرمان لەدەستدابوو لەم یارییە، بەڵام یاریزانەکانی تر بە تەواوی ئەرکەکانیان جێبەجێ کرد و بەرپرسیارانە مامەڵەیان لەگەڵ دۆخی یارییەکە کرد، هەوڵدەدەین لە تەواوی ئەو یارییانەی ماون بۆ سێ خاڵ یاریی بکەین و ئەمەش کارێکی باش دەبێت بۆ ئێمە.
بەم سەرکەوتنە زاخۆ کۆی خاڵەکانی گەیاندە 46 خاڵ و بە شێوەی کاتی هاتە ریزبەندی پێنجەمی خولەکە، گەڕی داهاتووش لە یاریگای خۆی میوانداری زەوڕا دەکات، ئەمانەی بەغداش بە 24 خاڵ لە ریزبەندی 16ـی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق مایەوە.



