بەڕازیل دەبێتە فەرەنسایەکی دیکە؟ لێشاوی بەهرەمەندە ئەفریقییەکان بەرەو ئەمریکای باشوور
یاریزانە ئەفریقییەکان لە ئەمریکاری باشووریش دەست بە دەرکەوتن دەکەن

یاریگا –
بوونی ژمارەیەکی زۆری یاریزانانی ئەفریقی لە هەڵبژاردەی فەرەنسا و خولەکانی ئەوروپا، بووەتە نموونەیەک بۆ ئەمریکای باشوور؛ یانەکانی بەڕازیل ئێستا بە شێوەیەکی جیددی سەرنجیان خستووەتە سەر کیشوەرەکە.
رۆژنامەی ئاس لە راپۆرتێکدا پێشکەوتنەکانی تۆپی پێی ئەفریقای لەسەر هەموو ئاستەکان و هەوڵی یانەکانی بەڕازیلی بۆ گرنگیدان بە یاریزانە ئەفریقییەکانی خستووەتەڕوو.
África ya ha conquistado Europa y ahora va a por Brasilhttps://t.co/i81lSjnaZ6
— Diario AS (@diarioas) April 2, 2026
هەژموونی ئەفریقا لە فەرەنسا
لە یارییە دۆستانەکانی ئەم دواییەی فەرەنسا بەرامبەر بەڕازیل و کۆڵۆمبیا، لەکۆی 26 یاریزانی بانگێشتکراو بۆ پێکهاتەی کەڵەشێرەکان، 17 یاریزانیان رەچەڵەکی ئەفریقییان هەیە کە دەکاتە نزیکەی دوو لەسەر سێی پێکهاتەکە. شارەزایان ئەمە وەکوو هۆکاری سەرەکیی پێشکەوتنی تەکنیکیی فەرەنسا دەبینن. لەسەر ئاستی خولی ناوخۆییش، 128 یاریزانی ئەفریقی لە خولی لیگ وەنی فەرەنسا یاری دەکەن و هەموو یانەیەک لانیکەم یاریزانێکی ئەفریقیی هەیە.

بەڕازیل دەرگا بۆ بەهرەمەندە ئەفریقییەکان دەکاتەوە
سەرەڕای زیادبوونی ژمارەی یاریزانە بیانییەکان لە بەڕازیل؛ لە 157 یاریزانەوە بۆ 162، رێژەی یاریزانە ئەفریقییەکان هێشتا کەمە. لە خولی پلە یەکی بەڕازیل تەنیا چوار یاریزانی ئەفریقی هەن، بەڵام یانە گەورەکان ستراتیژیی خۆیان دەگۆڕن. یانەی پاڵمێراس یاریزانێکی لاوی تەمەن 18 ساڵی بە ناوی کۆنێ لە کۆتیڤوارەوە گواستووەتەوە. یانەی ئینتەرناسیۆناڵیش هەمان هەنگاوی ناوە و بەڕێوەبەرانی وەرزشی لە بەڕازیل پرۆسەی چاودێریکردنی یاریزانەکان لە رێگەی پاڵەوانێتییە کورتخایەنەکانی ئەفریقاوە خێراتر دەکەن.

تەکنەلۆژیا و گەڕان بەدوای بەهرەکاندا
پلاتفۆرمەکانی شیکاریی وەرزشی رۆڵێکی گەورە دەگێڕن. پلاتفۆرمی ئی-سکاوت ‘E-Scout’ زانیاریی تەواو لەسەر زیاتر لە 12,000 یاریزانی لاو دەداتە یانەکان، هەروەها ئەپلیکەیشنی کوجو ‘CUJU’ بە بەکارهێنانی زیرەکیی دەستکرد، توانای یاریزانان هەڵدەسەنگێنێت و دەیانخاتە بەردەست راهێنەران و شیکەرەوەکانی بەڕازیل، ئاماری ژمارەیەکی زۆر لە یاریزانە ئەفریقییەکانیشی تێدا تۆمارکردووە.

بازاڕێکی نوێ بۆ ئابووری و میدیا
بەڕازیل تەنیا بۆ لایەنی وەرزشی سەیری ئەفریقا ناکات، کەناڵە تەلەڤیزیۆنییەکانی وەکوو باند ‘Band’ پەخشی یارییەکانی جامی نەتەوەکانی ئەفریقا دەکەن، کە بینەرێکی زۆری لە شارێکی گەورەی وەکوو ساوپاوڵۆ راکێشاوە. شارەزایانی مارکێتینگ پێشنیار بۆ یانەکانی بەڕازیل دەکەن؛ یاریزانە ئەفریقییەکان وەکوو پردێک بۆ راکێشانی ملیۆنان هاندەر لە کیشوەری ئەفریقاوە بەکاربهێنن، بەتایبەت ئەو وڵاتانەی کە بە زمانی پورتوگالی قسە دەکەن، کە زمانی فەرمی بەڕازیلە.



