
یاریگا –
لەدوای سەرنەکەوتنی ئیتاڵیا بۆ مۆندیال، جێنارۆ گاتوزۆ بڕیاریداوە دەست لە کار بکێشێتەوە و ناوی پاڵێوراوەکان بۆ جێگرەوەی ئاشکرا دەکرێن.
تۆڕی سکای سپۆرتس بڵاویکردووەتەوە، ئانتۆنیۆ کۆنتی و ماسیمیلیانۆ ئالێگری پاڵێوراون بۆ وەرگرتنی پۆستی راهێنەرایەتی هەڵبژاردەی ئیتاڵیا.

بەگوێرەی زانیارییەکانی هەمان سەرچاوە، فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیتاڵیا بۆ دۆزینەوەی جێگرەوەیەکی گونجاو دەستی بە هەوڵەکانی کردووە و کۆنتی و ئالێگری دوو ناوی دیارن بۆ وەرگرتنی ئەرکی راهێنەرایەتی هەڵبژاردەکە. کۆنتی پێشتریش ئەزموونی سەرکەوتووی لەگەڵ هەڵبژاردەکە هەبووە، هەروەها ئالێگری وەرگرتنی ئەم پۆستە وەکوو کۆتاییەکی جوان بۆ کاروانی وەرزشیی خۆی دەبینێت.
سەرچاوەکە ئەوەشی خستووتەڕوو، ئێستا هەردوو راهێنەرەکە لەگەڵ یانەکانیان گرێبەستیان هەیە؛ کۆنتی لەگەڵ ناپۆلی و ئالێگری لەگەڵ میلان، بەڵام بەرپرسانی فیدراسیۆن دەیانەوێت بە پرۆژەیەکی درێژخایەن یەکێک لەو دوو راهێنەرە بۆ مەشقەکانی هەڵبژاردەکە رابکێشن.



