
یاریگا –
رۆیشتنی پێپ گواردیۆلا لە مانچێستەر سیتی بووەتە باسی سەرچاوە وەرزشیەکان و دەنگۆ هەیە ئەم هاوینە یان هاوینی 2027 بەیەکجاریی لە سیتیزنس جیابێتەوە.
گواردیۆلا لە ساڵی 2016 پۆستی راهێنەرایەتی ئەو یانە ئینگلیزیەی وەرگرت. توانی مێژوویەکی بێ وێنەیان بۆ بنووسێتەوە بە بردنەوەی 18 نازناوی جیاواز، کە دیارترینیان 6 نازناوی پرێمەرلیگ و چامپیۆنزلیگێکە بۆ خەزێنەی یانەکە.
دیارترین ئەو شوێنگرەوانەی ناویان بە داهاتووی مانچێستەر سیتی دەبەسترایەوە، ڤینسینت کۆمپانی راهێنەری ئێستای بایرن میونشن و یاریزانی پێشووی سیتی، هەروەها چابی ئاڵۆنسۆش بەم دواییانە قسەی لەسەرکرا. بەڵام فابریزۆ رۆمانۆ لە زانیارییەکانیدا جەخت دەکاتەوە کە ئینزۆ مارێسکا شوێنگرەوەی پێپ دەبێت.
بەپێی ئەوەی ڕۆژنامەنووسە ئیتاڵیەکە زانیویەتی، مان سیتی بەشێوەیەکی روون مارێسکای ئیتاڵی دیاریکردووە، کە پێشتر هەر لە ریزەکانی ئەو یانەیە یاردەدری گواردیۆلا بوو.
لە درێژەی زانیارییەکانیدا رۆمانۆ نووسیویەتی سیتی ئێستا زۆر لەگەڵ گواردیۆلا دڵخۆشن، بەڵام لە ئەگەری رۆیشتنی لە یانەکە، ئەوا کارگێڕیەکان مارێسکای دەستنیشانکردووە کە ئەزموونی لەگەڵ یانەکانی پارما و لێیستەر سیتی هەبووە و ئەم زستانە لە چێڵسی جیابووەوە.



