ئیسپانیاگرنگترینمۆندیالی 2026

شەوی شەرمەزاری لە ئیسپانیا؛ هاندەران درووشم دژ بە موسڵمانان لە یارییەکەی میسڕ دەڵێنەوە

لێکەوتەکانی ئەو سووکایەتییەی ئاراستەی هەڵبژاردەی میسڕ و موسڵمانان کرا

Yariga App

یاریگا –

وەکوو ئامادەکارییەک بۆ مۆندیالی 2026، هەڵبژاردەی ئیسپانیا یارییەکی دۆستانەی بەرامبەر هەڵبژاردەی میسڕ رێکخست، بەڵام بەهۆی گوتفافی هاندەرانی وڵاتەکە، ئەو یارییە وەکوو پەڵەیەکی رەش لە مێژووی وەرزشیی ماتادۆر دەچێتە مێژووەوە.

یارییەکە لە کاتالوونیا بەڕێوەچوو و بە یەکسانبوون و بێ گۆڵ کۆتایی هات. دوای 18 ساڵ لە گەڕانەوەی ئیسپانیا بۆ کاتالوونیا، رووداوەکان وێنەیەکی شەرمەزارکەریان پێشانی جیهان دا.

دروشمە دژە ئیسلامییەکان و نیگەرانبوونی لامین یامال

دوای تێپەڕینی تەنها 10 خولەک بەسەر یارییەکەدا، بەشێک لە هاندەران دەستیان بە وتنەوەی درووشمی شەرمەزارکەر کرد و بە روونی دەیانگوت؛ “ئەوەی هەڵنەپەڕێت موسڵمانە“. ئەم درووشمانە لە گێمی دووەمیشدا دووبارە بوونەوە. ئەم سووکایەتییە زیانێکی گەورەی بە وێنەی ئیسپانیا گەیاند، بەتایبەتی کە یەکێک لە ئەستێرە درەوشاوەکانی هەڵبژاردەکە، لامین یامال، پەیڕەوی ئایینی ئیسلام دەکات. یامال کە لە نێوان دوو گێمەکەدا گۆڕانکاری پێکرا، دوای فیکەی کۆتایی بە دڵگرانییەکی زۆرەوە بەرەو ژووری جلگۆڕین رۆیشت، وەکوو کاردانەوەیەکیش تاوەکوو چەند کاتژمێرێک دوای یارییەکە، هیچ شتێکی لە سۆشیاڵ میدیاکانی خۆی بڵاونەکردەوە.

پەنچەی تۆمەت بۆ راستڕەوەکان

بێرنی ئالڤارێز، وەزیری وەرزشی کاتالوونیا، تووڕەیی خۆی دەربڕی و رەخنەی لە درەنگ جێبەجێکردنی پرۆتۆکۆل گرت و گوتی دەبووایە یارییەکە رابگیرێت. گرووپە راستڕەو توندڕەوەکانیشی بە ئەنجامدەرانی ئەو رووداوە تۆمەتبار کرد.
لە لایەکی دیکەوە، لویس دێلا فوێنتێ، راهێنەری ئیسپانیا، رووداوەکەی بە قبوڵنەکراو ناوبرد و داوای کرد ئەو کەسانە لە کۆمەڵگە دووربخرێنەوە. پۆلیسی هەرێمەکەش بە فەرمی لێکۆڵینەوەی لە رووداوەکە دەستپێکردووە.

رەخنەی نێودەوڵەتی و چاوەڕوانیی سزاکانی فیفا

میدیاکانی جیهان بێدەنگ نەبوون؛ رۆژنامەی (WinWin)ـی میسری، (O Globo)ـی بەڕازیلی و (TyC Sports)ـی ئەرجەنتینی هێرشیان کردە سەر ئیسپانیا و رایانگەیاند کە ئەو کارە نەک تەنها سووکایەتییە بە باوەڕی میسرییەکان، بەڵکوو هێرشە بۆ سەر ئەستێرەیەکی هەڵبژاردەی ئیسپانیا و رووداوەکە پرسیار دەخاتە سەر شیاویی ئیسپانیا بۆ میوانداریکردنی مۆندیالی 2030.

ئێستا چاوەکان لەسەر راپۆرتی ناوبژیوانی یارییەکەن. بەگوێرەی یاساکانی فیفا، ئیسپانیا رووبەڕووی سزای قورس دەبێتەوە کە لە پێبژاردنی دارایی 20 هەزار فڕانک و داخستنی بەشێکی یاریگاکان دەستپێدەکات، رەنگە سزاکان قورستریش بن.

بابەتی زیاتر

Back to top button