
یاریگا –
هەولێر نەیتووانی سوود لە یەکسان بوونەکەی شوڕتە وەربگرێت، راهێنەری هەولێریش یەکسان بوونەکەیان بەرامبەر زەوڕا بە شکست ناو دەبات.
لە گەڕی 25ـی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق، هەولێر لە یاریگای خۆی بەبێ ئامادەبوونی هاندەر بە گۆڵێک لەگەڵ زەوڕا یەکسان بوون، هەولێر نەیتووانی یەکسان بوونەکەی شوڕتە بەرامبەر قوەجەوییە بە هەل وەربگرێت و بچێتەوە ریزبەندی دووەم، کوڕانی قەڵای زەرد دوو یارییە بەدوای یەکتر تووشی یەکسان بوون دەبن.
باسم قاسم، راهێنەری هەولێر یەکسان بوونەکەیان بەشکست ناودەبات، دەربارەی یارییەکە و ئاستی یاریزانەکانی لەم یارییەدا گووتی:
لە گێمی یەکەم ئاستێکی باشمان پێشکەشکرد و دەمانتوانی دوو گۆڵ زیاتریش لە زەوڕا تۆمار بکەین، یاریزانەکانم هەندێ کات پەلەیان دەکرد لە بنیاتنانی هێرشەکان و پێویستە لە مەشقەکان کاری لەسەر بکەین، ئەم یەکسان بوونەش بۆ ئێمە وەکو شکست وابوو، چونکە نەمانتووانی زیاتر لە رکابەرەکانمان نزیک ببینەوە، کار دەکەین بۆ ئەوەی لە داهاتوو جارێکی دیکە بگەڕێینەوە رێچکەی سەرکەوتن.
بەم یەکسان بوونە هەولێر بە 51 خاڵ لە ریزبەندی سێیەمی خولەکە مایەوە، گەڕی داهاتووش لە ناسڕیە رووبەڕووی غەڕاف دەبێتەوە، زەوڕا 46 خاڵی هەیە و لە ریزبەندی پێنجەمی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق دێت.



