
یاریگا –
دۆخی نێوان رۆمێلو لوکاکو لەگەڵ یانەی ناپۆلی گەیشتووەتە بنبەست و تاوەکوو دێت پەیوەندییەکانی نێوانیان بەرەو خراپتر دەڕوات.
لە نوێترین پێشهاتدا، لوکاکو وەڵامی بانگهێشتی یانەکەی بۆ گەڕانەوە بۆ مەشق و راهێنانەکانی ئەمڕۆ نەداوەتەوە، ئەمەش کاردانەوەی توندی یانە ئیتاڵییەکەی لێکەوتووەتەوە.
ناپۆلی لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا رایانگەیاندووە خەریکی لێکۆڵینەوەن لە چۆنیەتی گرتنەبەری رێکاری پێویست بەرامبەر لوکاکو و هەڵسەنگاندن بۆ ئەوە دەکەن بە یەکجاری لە پێکهاتەی تیپەکە دووریبخەنەوە.
Nota del Club 👇https://t.co/BjQ8433Wik
— Official SSC Napoli (@sscnapoli) March 31, 2026
ئەم یاخیبوونەی لوکاکو لە کاتێکدایە کە دەنگۆی زۆر هەیە دەربارەی داهاتووی لەگەڵ یانەکە. دوورکەوتنەوەی لە مەشقەکان بێ مۆڵەتی پێشوەختە، وای کردووە ناپۆلی بیر لە سزایەکی دارایی قورس و تەنانەت سڕکردنی یاریزانەکە بکاتەوە تاوەکوو کۆتایی وەرز، ئەمەش لە کاتێکدایە کە تیپەکە لە کاتێکی هەستیاردایە و بۆ رکابەرییەکان پێویستییەکی زۆری بە هێرشبەرەکانیەتی.
هەڵوێستەکەی لوکاکو تەنیا 15 مانگ دوای پەیوەندیکردنی بە ناپۆلی دێت و ئەگەری رۆیشتنی لە هاوینی 2026 زۆر زیاتر دەکات. لە کاتێکدا کە یانەکانی وەکوو بارسێلۆنا و هەندێک یانەی خولی سعوودی چاودێری دۆخەکە دەکەن، رەنگە ئەم کێشەیە ببێتە هۆی کۆتاییهاتنی کاروانی وەرزشی لۆکاکۆ لە خولی ئیتاڵیا.



