فرێنكی دی یۆنگ لە نێوان خەونی چامپیۆنزلیگ و مەترسیی لەدەستدانی مۆندیال
ئەستێرەکەی هۆڵەندا نایەوێت هیچ کام لە چامپیۆنزلیگ و مۆندیال لەدەستبدات

یاریگا –
فرێنكی دی یۆنگ، ئەستێرە هۆڵەندییەکەی بارسێلۆنا، گەڕایەوە سەر چیمەنی یاریگا و قۆناخی کۆتایی چاکبوونەوەی دەستپێکرد. ئەم گەڕانەوەیە بۆ هانزی فلیک وەکوو گرێبەستێکی نوێیە، بەڵام لە پشت پەردەوە ترسێکی گەورە لە دووبارەبوونەوەی سیناریۆی چەند ساڵێک پێش ئێستا هەیە.
رۆژنامەی ئاس بڵاویکردوەتەوە، دی یۆنگ ترسی لە دووبابوونەوەی هەمان سیناریۆی تاڵی ساڵی 2024 هەیە، کە بەهۆی پێکانەوە لە یۆرۆ بێبەش بوو.

تارمایی 2024 و مۆندیالی 2026
هەمووان لە کاتالوونیا ساڵی 2024ـیان لە یادە، کاتێک دی یۆنگ لە یاریی کلاسیکۆدا بەرامبەر ریال مەدرید تووشی پێکانێکی سەخت بوو و بەهۆی پەلەکردن لە گەڕانەوە، لە کۆتاییدا نەیتوانی بەشداری یۆرۆ بکات. ئێستا کە مۆندیالی 2026 لە پێشە، دی یۆنگ نایەوێت هەمان هەڵە دووبارە بکاتەوە. هەرچەندە دەیەوێت بەشداری یارییەکانی قۆناخی چارەکی کۆتایی چامپیۆنزلیگ بکات لە 8ـی نیساندا، بەڵام پاراستنی جەستەی بۆ مۆندیال لە سەروو هەموو شتێکەوەیە.
بارسێلۆنا بەبێ دی یۆنگ باشترە؟
ئامارەکان راستییەکی سەیر دەخەنە روو؛ لە کاتی ئامادەنەبوونی دی یۆنگ لەم وەرزەدا لە 15 یاری، بارسێلۆنا 14 بردنەوە و تەنیا یەک یەکسانبوونی هەبووە. درەوشانەوەی لاوی وەکوو مارک بێرناڵ وای کردووە کە بۆشایی دی یۆنگ زۆر هەست پێ نەکرێت. بەڵام هانزی فلیک پێی وایە بۆ یارییە گەورەکان، ئەزموون و ئاستی بەرزی دی یۆنگ شتێکی بێجێگرەوەیە.
گرێبەست تاوەکوو 2029 و گەیشتن بە 300 یاری
دی یۆنگ کە گرێبەستەکەی تاوەکوو ساڵی 2029 نوێ کردووەتەوە، تەنیا 10 یاری ماوە بگاتە 300 یاری بە درێسی بارسێلۆناوە. ئێستا دەبێت لە لایەک نازناوی چامپیۆنزلیگ بۆ یانەکەی بباتەوە و لە لایەکی دیکەش گەرەنتی گەیشتنی بە تەندروستییەکی باش بۆ مۆندیال بکات.



