بۆ هەموو ئەگەرێک ئامادەین؛ پۆچێتینۆ وەڵامی دەنگۆکانی پەیوەندیکردنی بە ریال مەدرید یان تۆتنهام دەداتەوە

یاریگا –
ماوریسیۆ پۆچێتینۆ گرێبەستەکەی لەگەڵ هەڵبژاردەی ئەمریکا دوای جامی جیهانیی 2026 کۆتایی پێدەهێنێت.
لە چەند هەفتەی رابردوودا ناوی ماوریسیۆ پۆچێتینۆ لە میدیاکان ناوەندی سەرنجپێدان بووە. راهێنەرە ئەرجەنتینییەکە کە ئێستا راهێنەرایەتی تیمی هەڵبژاردەی ئەمریکا دەکات، زۆر بە جۆشە لەبارەی دەرفەتی راهێنەرایەتیکردنی یەکێک لە رێکخەرانی جامی جیهانیی 2026 و هەوڵ دەدات مێژوو لەگەڵ نەوەیەک دروست بکات، کە ماوەیەکی زۆر لەمەوبەر ئامانجی زۆر گەورەتریان هەبوو. سەرەڕای ئەمەش بەردەوام ناوی بە تیمەکانی دیکەوە دەبەسترێتەوە.
یەکێک لەو تیمانە تۆتنهامە، دوای ئەوەی پڕۆژەکەی تۆماس فرانک شکستی هێنا. یانە لەندەنییەکە وەکوو چارەسەرێکی کاتیی گرێبەستی لەگەڵ ئیگۆر تودۆر واژۆکرد، کە ئەویش نەیتوانی هیچ یانەکە لەو دۆخە خراپە رزگار بکات کە تێی کەوتووە. تۆتنهام لە هاوینی دوای جامی جیهانیی نیازی هەیە گریبەست لەگەڵ راهێنەرە ئەرجەنتینییەکە واژۆ بکات، کە باش شارەزای کەشی نێو یانەکەیە.
تیمەکەی دیکە ریال مەدریدە، کە بە هەمان شێوە بۆ وەرزی داهاتوو بەدوای راهێنەرێکدا دەگەڕێت، دوای زوو رۆیشتنی چابی ئاڵۆنسۆ و ئەو گومانانەی ئالڤارۆ ئاربێلوا لە سەرەتای گەشتەکەی دروستی کرد. چەند دەنگۆیەک هەیە کە راهێنەرە ئەرجەنتینییەکە ویستی پێش یارییەکەی بەرامبەر پۆرتوگال روونی بکاتەوە.

سەبارەت بە ئەگەری گفتوگۆکردن لەگەڵ یەکێک لەو دوو تیمە پۆچێتینیۆ بەمشێوەیە وەڵامی دایەوە: “ئێستا هیچ گفتوگۆیەک نییە، نەخێر”. گرێبەستی راهێنەرەکە لەگەڵ ئەمریکا لەگەڵ تەواو بوونی جامی جیهانی کۆتایی دێت، ئەگەری بەردەوامبوونیشی لەگەڵ هەڵبژاردەکە هەیە. ماوریسیۆ لەو بارەیەوە گوتی: “کێ دەزانێت چی روودەدات، بۆ هەموو ئەگەرێک ئامادەین، گرێبەستمان بۆ داهاتوو نییە، بەڵام بۆ نا، ئەگەر ئێمە دڵخۆش بین و فیدراسیۆنەکەش دڵخۆش بێت؟”
پۆچێتینۆ لە 2024 ئەرکی راهێەنەرایەتی هەڵبژاردەی ئەمریکای گرتە ئەستۆ، دوای دەرکرانێکی قورس لە کۆپا ئەمریکا، بە مەبەستی گەڕاندنەوەی هەڵبژاردەکە بۆ سەر رێچکەی ئەنجامەکان باشەکان بۆ جامی جیهانیی 2026، کە وڵاتەکە یەکێکە لە رێکخەرانی پاڵەوانییەتییەکە.



