فەرمی؛ هەڵبژاردەی گانا راهێنەرەکەی دوورخستەوە
بەهۆی خراپی ئەنجامەکانی هەڵبژاردەکە

یاریگا –
فیدراسیۆنی تۆپی پێی گانا بە فەرمی رایگەیاند کۆتاییان بە کارکردن لەگەڵ ئۆتۆ ئاودۆو، راهێنەری هەڵبژاردەیەکەیان هێناوە.
ئەم بڕیارە لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، 31ـی ئازاری 2026 و تەنیا چەند کاتژمێرێک دوای شکستی گانا بە ئەنجامی 2-1 بەرامبەر ئەڵمانیا دەرکرا.
GFA part ways with Otto Addo https://t.co/HXaoJNQUGh
— 🇬🇭 Black Stars (@GhanaBlackstars) March 31, 2026
دۆڕانی گانا بەرامبەر بەرامبەر ئەڵمانیا لە دوایین خولەکەکانی یارییەکەدا، بووە چوارەم شکستی لەسەریەکی هەڵبژاردەکە و دوای شکستە گەورەکەی هەفتەی رابردوو هات کە بە ئەنجامی 5-1 بە نەمسا دۆڕابوون.
ئەم دوورخستنەوەیە لە کاتێکدایە کە تەنیا 80 رۆژ بۆ دەستپێکردنی یەکەم یاریی گانا لە مۆندیالی 2026 ماوە و بەرامبەر پەنەما لە 17ـی حوزەیران یاریی دەکات.
سەرەڕای ئەوەی ئادۆو توانی گانا بگەیەنێتە مۆندیال، بەڵام شکستی لە گەیشتن بە جامی نەتەوەکانی ئەفریقای 2025 و نەبوونی سەقامگیریی لە ئەنجامەکاندا، وای لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی وڵاتەکە کرد بڕیاری گۆڕینی بدەن.
فیدراسیۆنی تۆپی پێی گانا رایگەیاندووە بەم زووانە راهێنەرێکی نوێ دەستنیشان دەکەن تاوەکوو تیپەکە بۆ کۆمەڵە سەختەکەی مۆندیال کە هەریەک لە ئینگلتەرا، کرواتیا و پەنەما لەخۆدەگرێت، ئامادەبکات.