ئاسیاجیهانعێراقکوردستانگرنگترین

یاریگا وردەکاریی مەرجە قورسەکانی فیدراسیۆنی کەنداو بۆ میوانداریكردنی یارییه‌كان ئاشكرا ده‌كات

زاخۆ ده‌یه‌وێت له‌ هه‌ولێر میوانداری یارییه‌كان بكات

Yariga App

یاریگا –

فیدراسیۆنی جامی کەنداو  بە فەرمی مەرج و پێوەرەکانی میوانداریکردنی یارییەکانی نیوەی کۆتایی و یاری کۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکانی کەنداوی بۆ وەرزی 2025 -2026بڵاوکردەوە. دۆکیومێنتەکە وردەکاریی توندی تێدایە سەبارەت بە لایەنەکانی رێکخستن، شوێنی نیشتەجێبوون و ئاسایش.

تۆڕی وەرزشی یاریگا، لە رێگەی سەرچاوە باڵاکانییەوە،کۆپییەکی مەرج و پێوەرەکانی میوانداریکردنی یارییەکانی نیوەی کۆتایی و کۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکانی کەنداوی بۆ وەرزی 2025-2026دەستکەوتووە. دۆکیومێنتەکە کۆمەڵێک مەرجی توندی لۆجستی و ئەمنی تێدایە کە ئەرکی هەر یانەیەک بۆ میوانداریکردن قورس دەکات.

وردەکاریی مەرجەکان؛ لە هۆتێلی 5 ئەستێرەوە تاوەکو ڤار

بەپێی ئەو دۆکیومێنتەی دەست یاریگا کەوتووە، فیدراسیۆنی كه‌نداو چەندین مەرجی بێچەندوچوونی دیاریکردووە، کە گرنگترینیان ئەمانەن:

  1. کات و ژمارەی یارییەکان: یارییەکان (سێ یاری یەکلاییکەرەوە) لە ماوەی نێوان 17 تاوه‌كو 24ـی نیسانی 2026 بەڕێوەدەچن.

  2. خەرجیی شاندەکان: یانەی میواندار دەبێت تێچووی نیشتەجێبوون و خواردنی 38 کەس لە هەر یانەیەک (23 یاریزان و 15 کارگێڕ) بگرێتە ئەستۆ، ئەمەش بارگرانییەکی دارایی گەورەیە.

  3. پێوەرە نێودەوڵەتییەکانی نیشتەجێبوون: پێویستە سێ  هۆتێلی پێنج ئەستێرە دابین بکرێت. نابێت هۆتێلەکان زیاتر لە 100 کم لە فڕۆکەخانە و 50کم لە یاریگاکانەوە دوور بن.

  4. تەکنەلۆژیا و یاریگا: پێویستە یاریگایەکی سەرەکی تایبەت بۆ یارییەکان و سێ یاریگای مەشق و راهێنان (دوو بۆ یانەکان و یه‌ك بۆ ناوبژیوانان) هەبێت. هەروەها بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای ڤار و دابینکردنی تێچووەکانی لە ئەستۆی لایەنی میواندارە.

  5. بەپێی مەرجەکانی فیدراسیۆنی کەنداو، لایەنی میواندار پابەند دەکرێت بەوەی کە:   

    • هەمان ئەو بنەما و مەرجانە جێبەجێ بکات کە لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا پەیڕەو کراون.

    • پێویستە ژینگەیەکی گونجاو بۆ کۆمپانیا سپۆنسەرەکان و مافەکانی پەخش دابین بکرێت، بەبێ ئەوەی هیچ بەربەستێک بۆ لایەنە بازرگانییەکان دروست ببێت.

  6.  ئەم بەشەی مەرجنامەکە، کە لەلایەن فیدراسیۆنەوە وەک هێڵی سوور سەیر دەکرێت، چەندین داواکاری توندی تێدایە کە رەنگە خەونی زاخۆ بۆ یاریکردن لە هەولێر پەکبخات ئه‌ویش  یانەی میواندار بەرپرسە لە داڕشتنی پلانێکی ئەمنی تۆکمە بۆ دابینکردنی بەرزترین ئاستی پاراستن بۆ هەریەکە لە: شاندی یانە بەشداربووەکان، میوانە تایبەتەکان، شاندی فیدراسیۆنی کەنداو و سپۆنسەرەکان، میدیاکاران و هاندەران

زانیارییەکانی یاریگا: زاخۆ چاوی لە هەولێرە

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە تۆڕی وەرزشی یاریگای راگەیاند:

“یانەی زاخۆ ئارەزوویەکی رژدی هەیە بۆ ئەوەی یارییەکانی لە یاریگای نێودەوڵەتی هەولێر بكرێت ئەم هەنگاوەی زاخۆ دوای ئەوە دێت کە دڵنیابوونەتەوە یاریگای هەولێر و ژێرخانی پایتەخت باشتر دەتوانن مەرجە تەکنیکییەکانی فیدراسیۆنی کەنداو جێبەجێ بکەن.

بەربەستە گەورەکە؛ درۆنەکان و ململانێی ئەمریکا و ئێران

سەرەڕای ئامادەیی زاخۆ و هەولێر، بەڵام بەپێی زانیارییەکانی یاریگا، ئەگەرێکی بەهێز هەیە فیدراسیۆنی کەنداو بەم داوایە رازی نەبێت. هۆکارەکەش لە بەشی شەشەمی مەرجنامەکەدا (التدابير الأمنية) هاتووە، کە جەخت لەسەر دابینکردنی بەرزترین ئاستی پاراستنی ئەمنی دەکاتەوە.

سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەدەن، کە ململانێی بەردەوامی نێوان ئەمریکا و ئێران لە ناوچەکە و هێرشە درۆنییەکانی سەر هەولێر، ترسی لای فیدراسیۆنی کەنداو دروستکردووە. فیدراسیۆنەکە نایەوێت ژیانی یاریزان و شاندە دیپلۆماسییەکانی وڵاتانی کەنداو بخاتە مەترسییەوە لە ناوچەیەکدا کە کێشەی ئەمنی و سیاسی هەیە. ئەم بارودۆخە سیاسییە بووەتە گەورەترین بەربەست لەبەردەم پایتەختی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی ببێتە مەکۆی ئەم پاڵەوانێتییە نێودەوڵەتییە.

ئێستا چاوەکان لەسەر بڕیاری کۆتایی فیدراسیۆنەکەن؛ ئایا لایەنی وەرزشی و تەکنیکی بەسەر بارودۆخی سیاسی و ئەمنیدا سەردەکەوێت، یان درۆنەکان خەونی زاخۆ و هەولێر لەبار دەبەن؟

بابەتی زیاتر

Back to top button