یوێفا نرخی بلیتەکانی یۆرۆی 2028 هەرزان دەکات؛ پێچەوانەی سیاسەتی فیفا لە مۆندیالی 2026
نرخی پێنج بلیتی یۆرۆی 2028 یەکسانە بە نرخی یەک شوێن بۆ وەستاندنی ئۆتۆمبێل لە مۆندیالی فیفا!

یاریگا –
یەکێتیی تۆپی پێی ئەوروپا پلانی هەیە نرخی زۆربەی بلیتەکانی یۆرۆی 2028 جێگیر بکات و گۆڕانکارییان تێدا نەکات، ئەمەش پێچەوانەیەکی تەواوە بۆ ئەو سیاسەتە گرانبەهایەی کە فیفا بۆ مۆندیالی 2026 پەیڕەوی دەکات.
تۆڕی ئاتلێتیک بڵاویکردووەتەوە، یوێفا بڕیاریداوە لە یۆرۆی 2028 سیستەمی ‘Fans First’ پەیڕەو بکات و زیاتر لە %40ـی بلیتەکان بە نرخێکی هەرزان دابیندەکات، هەروەها سیستەمی نرخی داینامیکی ‘Dynamic Pricing’ بۆ یۆرۆکە رەتدەکاتەوە کە فیفا لە مۆندیالی 2026 پەیڕەوی دەکات.
یوێفا هێشتا بە فەرمی لیسی کۆتایی نرخەکانی بۆ ساڵی 2028 بڵاونەکردووەتەوە چونکە زۆربەی کات ساڵێک پێش پاڵەوانێتییەکە بڵاویدەکاتەوە.
تۆڕە ئەمریکییەکە لە راپۆرتێکدا شیکارییەکی ورد و بەراوردی نێوان نرخی بلیتەکانی هەردوو پاڵەوانێتییەکان دەکات.
UEFA is planning to freeze most of the ticket prices for the 2028 men’s European Championship, in stark contrast to FIFA’s policy for this summer’s World Cup.
Full story is free to read from @mjshrimper here ⬇️
🔗 https://t.co/pGb0ktRKPv pic.twitter.com/RT6p0dXr1k
— The Athletic | Football (@TheAthleticFC) March 30, 2026
نرخە خەیاڵییەکانی مۆندیالی فیفا
فیفا بۆ مۆندیالی ئەم جارە 6.7 ملیۆن بلیت بۆ 104 یاری دابیندەکات کە بەسەر چوار جۆردا دابەشکراون.
قۆناخی کۆمەڵەکان؛ هەرزانترین بلیتی یارییەکانی قۆناغی کۆمەڵەکان لە 60 دۆلارەوە دەستپێدەکات، بەڵام گرانترین بلیتی هەمان قۆناخ بۆ یارییە ئاستبەرزەکان دەگاتە 2700 دۆلار.
یاری کۆتایی؛ لەگەڵ بەرەوپێشچوونی پاڵەوانێتییەکە، نرخەکان بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزدەبنەوە. بۆ یاری کۆتایی لە 19ـی تەممووز، هەرزانترین بلیت زیاتر لە 2000 دۆلارە و گرانترین نزیکەی 8000 دۆلارە.
ئەم نرخە بەرزانە، لەگەڵ بەکارهێنانی سیستەمی نرخدانانی داینامیکی و ئەو عمولە زۆرەی فیفا لە بازاڕی دووەمی بلیتدا وەریدەگرێت، بووەتە هۆی ناڕەزایەتییەکی زۆری هاندەران، تاوەکوو ئەو رادەیەی هەفتەی رابردوو گرووپەکانی هاندەران بە هاوبەشی لەگەڵ رێکخراوێکی مافی بەکاربەران سکاڵایەکی فەرمییان لە دژی فیفا لە کۆمیسیۆنی ئەوروپا تۆمارکرد.
سیاسەتی یوێفا بۆ یۆرۆی 2028
لەلایەکی دیکەوە، یوێفا بڕیاریداوە نرخەکانی یۆرۆی 2028 کە لە ئینگلتەرا، سکۆتلەندا، وێڵز و ئێرلەندا بەڕێوەدەچێت بە هەمان نرخی یۆرۆی 2024 بهێڵێتەوە.
نرخەکان؛ هەرزانترین بلیت تەنیا نزیکەی 34 دۆلار دەبێت. بلیتی جۆری سێیەمیش لە دەوروبەری 69 دۆلار دەبێت.
رێژەی بلیتەکان؛ زیاتر لە %40ـی ئەو سێ ملیۆن بلیتەی دەخرێنە بازاڕەوە، لەو دوو جۆرە هەرزانە دەبن. واتە لانیکەم 1.2 ملیۆن بلیت بە نرخێکی گونجاو بەردەست دەبن.
بە واتایەکی دیکە، هاندەران دەتوانن بلیتی پێنج یاریی قۆناخی کۆمەڵەکانی یۆرۆی 2028 بە هەمان ئەو پارەیەی کە لە مۆندیالی 2026 تەنیا بۆ یەک شوێنی وەستانی ئۆتۆمبێل خەرجی دەکەن، بکڕن، کە تێکڕای نرخەکەی دەگاتە 175 دۆلار.
قۆرخکاری و رەخنەکان
لیندزی ئۆونس، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری دامەزراوەی Groundwork Collaborative دەڵێت…
فیفا قۆرخکاری دەکات، کەمبوونی بلیت و کۆنترۆڵکردنی بازاڕیان وەکوو چەکێک بەکارهێناوە بۆ ئەوەی زۆرترین پارە لەو هاندەرانە بەدەستبهێنین کە دەیانەوێت ئەزموونێکی کەموێنەی ژیانیان تاقیبکەنەوە.
ئەحمەد نیلمالێ، شارەزای بواری فرۆشتنی بلیت و بەڕێوەبەری پێشوو لە Live Nation، هاوڕایە و پێی وایە کێشەکە لە نەبوونی ڕکابەریدایە و دەڵێت…
کاتێک فیفا خۆی خاوەنی هەموو شتێکە و کۆنترۆڵی دابینکردن و دابەشکردن دەکات، هیچ رکابەرییەک بۆ سنووردارکردنی نرخەکان نامێنێت.
وەڵامی فیفا
لەلای خۆیەوە، فیفا بەرگری لە خۆی دەکات و ئاشکرای دەکات لە کۆتا قۆناخی فرۆشتندا زیاتر لە 500 ملیۆن داواکارییان پێگەیشتووە و زیاتر لە ملیۆنێک بلیت فرۆشراون. هەروەها دووپاتی دەکەنەوە کە ئەوان رێکخراوێکی قازانجنەویستن و ئەو داهاتەی لە پاڵەوانێتییە گەورەکان دەستیاندەکەوێت، دووبارە لە پڕۆژەکانی گەشەپێدانی تۆپی پێ لە سەرانسەری جیهاندا خەرجی دەکەنەوە.



