
یاریگا –
ئەفسانە زیندووەکەی بەرگریی ئیسپانیا و ریال مەدرید، ئەمڕۆ پێدەنێتە تەمەنی 40 ساڵی و هێشتا روو نییە بڕیاری کۆتایی دەربارەی داهاتووی چی دەبێت.
وێستگەی کۆتایی و گرێبەستەکان
رامۆس لە مانگی کانوونی یەکەمی رابردووەوە بێ یانەیە، دوای ئەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی مۆنتێریی مەکسیکی کۆتایی هات. لە مانگی یەکەوە چەندین پێشنیاری لە ئەوروپا تەنانەت لە یانەکانی چامپیۆنزلیگ و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە لە قەتەر و سعوودیە بۆ هاتووە، بەڵام تاوەکوو ئێستا بڕیاری نەداوە، چونکە لە پێشینەی کارەکانی ئەوەیە کە لە خێزانەکەی لە ئیسپانیا نزیک بێت.
خەونە لەگۆڕنراوەکەی سێڤییا و پلانە نوێیەکە
خەونی رامۆس بۆ پۆشینەوەی درێسی سێڤییا بۆ جاری سێیەم، لەلایەن کارگێڕیی ئێستای یانەکەوە لە زستانی ڕابردوو لەگۆڕنرا، بەڵام رامۆس پلانێکی گەورەتری هەیە؛ ئەویش کڕینەوەی یانەکەیە بە هاوکاری کۆمپانیایەکی دیکە، کاپتنەکەی پێشووی مێرێنگی خەریکی کۆتایی بە رێکارە یاساییەکان بۆ پێشکەشکردنی دەستەوارەی کۆتایی بۆ کڕینەوەی یانەکە دەهێنێت، چاوەڕوان دەکرێت لە سەرەتای مانگی ئایار هەواڵ دەربارەی خاوەندارێتی نوێی سێڤییا بڵاوببێتەوە.
جەستەیەک کە تەمەن ناناسێت
سەرەڕای ئەوەی تەمەنی گەیشتە 40 ساڵ، بەڵام رامۆس هێشتا لە رووی جەستەییەوە لەوپەڕی ئامادەییدایە. ڤیدیۆکانی لە ناو هۆڵی وەرزشی بەردەوام دەبنە ترێند، کە تێیدا لە مەشقەکانی بەردەوامە.
مێژوویەکی پڕ لە دەستکەوت
رامۆس خاوەنی 25 نازناوە لەسەر ئاستی یانەکان و چوار نازناو لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیسپانیا (مۆندیالێک و دوو یۆرۆ). گۆڵە مێژووییەکەی لە خولەکی 93ـی یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگی 2014 بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدرید، کە بووە هۆی بردنەوەی ‘لا دێسیما’ (دەیەمین نازناو) بۆ ریال مەدرید، وەکوو ئایکۆنێکی هەمیشەیی لە مێژووی تۆپی پێدا دەمێنێتەوە.



