ئینگلتەراراپۆرتی تایبەتگرنگترین

تراژیدیای ئادەم ئانکەرس؛ چیرۆکی یاریزانێک کە بە مردنەکەی دەیەوێت تۆپی پێ بگۆڕێت

هاوارێک بۆ یەکێتیی تۆپی پێی ئینگلتەرا؛ "مەهێڵن تراژیدیای ئادەم دووبارە ببێتەوە."

Yariga App

یاریگا –

لەسەر قۆڵبەستی کاپتنییەکەی، ئادەم ئانکەرس چوار وشەی نووسیبوو کە دەیویست لە نێو یاریگادا لەگەڵیدا بن: هێز، ئیلهام، سەرکردە و ئارەزوو. ئێستا ئەو قۆڵبەستە لە ژوورەکەی ئادەمدا لە چوارچێوە گیراوە؛ ژوورێک کە لە بەیانییەکی ساڵی 2024ـەوە، ئادەم بۆ یاریکردن بەجێیهێشت و نەگەڕایەوە، وەکوو خۆی ماوەتەوە.

کاتێک جەستەیەکی وەرزشی راستییەکی تاڵ دەشارێتەوە

ئادەم، گەنجێکی تەمەن 17 ساڵ بوو لە تیمی دامەزراوەی ‘ویکۆم واندەرەرز’، شەیدای وەرزش و هاندەرێکی سەرسەختی یانەی ئارسیناڵ بوو. هەمووان وەکوو “شێتێکی وەرزش” دەیانناسی، بەڵام ئەوەی کەس نەیدەزانی ئەوە بوو کە ئادەم نەخۆشییەکی دەگمەنی دڵی هەبوو بە ناوی (ARVC).

لە 31ـی کانوونی دووەمی ساڵی 2024، لە خولەکی 74ـی یارییەکدا، ئادەم لەناکاو دەکەوێت و دڵی لە لێدان دەوەستێت، دوای چوار رۆژ لە چاودێری چڕ، ئادەم کۆچی دوایی دەکات.

دوای دوو ساڵ لە رووداوە جەرگبڕەکە، تۆڕی ئاتلێتیک چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ خێزانی ئادەم کردووە و دایک و باوکی پەردە لەسەر کۆمەڵێک نهێنی رووداوەکە لادەبەن و وردەکاریی گرنگ دەخەنەڕوو.

دایکی ئادەم دەڵێت، کوڕەکەیان بە درێسێکی زەردی ئارسیناڵ ناشتووە، ئەگەر ئێستا لە ژیاندابووایە، بەو ئاستەی بەرزەی یانەکە زۆر دڵخۆش دەبوو.

ئادەم ئانکەرس لەگەڵ دایک و باوکی

هەڵەیەکی کوشندە هۆکارێکی مەرگی ئادەم بوو

 باوکی ئادەم کە پزیشکی بێهۆشکارییە و دایکی پەرستارێکی پلە باڵایە، بۆیان دەرکەوتووە هەڵەیەکی گەورە لە کاتی رووداوەکەدا کراوە. بەگوێرەی قسەکانی خێزانی ئادەم، کاتێک ئادەم دەکەوێت، راهێنەری تیپەکە پەیوەندی بە فریاکەوتنی خێراوە دەکات، بەڵام کارمەندی وەڵامدانەوە نیشانەکانی جەڵتەی دڵی نەناسیوەتەوە و سەرەڕای هەبوونی ئامێری شۆکی کارەبایی لە یاریگادا، کارمەندەکە گوتوویەتی ‘بەکاریمەهێنن’ و تەنیا ئادەم بخەنە سەر لا، ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی هەشت خولەکی زێڕین بەفیڕۆبچێت.

خێزانەکەی چییان دەوێت؟

دایک و باوکی ئادەم، دوای دوو ساڵ بێدەنگی دەشکێنن و دەیانەوێت یەکێتیی تۆپی پێی ئینگلتەرا چەند گۆڕانکارییەک بکات، تاوەکوو خێزانی دیکەی وەکوو ئەوان تووشی ئەم کارەساتە نەبن.

    • مەشقی ناچاریی؛ پێویستە هەموو ناوبژیوان و راهێنەرێک لە خولە پلە نزمەکاندا (تیپە میللییەکان) مەشقی وردی جەڵتەی کتوپڕی دڵیان کردبێت، (ناوبژیوانی یارییەکەی ئادەم ئەو مەشقەی نەکردبوو).

    • پشکنینی دڵ؛ پێویستە پشکنینی دڵ بۆ یاریزانە گەنجەکان بەرفراوانتر بکرێت؛ ئامارەکان دەڵێن هەفتانە 12 گەنج لە بەریتانیا بەو هۆیە دەمرن.

    • ئامێری شۆک؛ کاتێک کەسێک دەکەوێت، بێ دوودڵی پێویستە هەمووان ئامێری شۆک بەکاربهێنن، چونکە ئەو ئامێرە خۆی دیاریدەکات یاریزانەکە پێویستی پێیەتی یاخود نا.

کۆتاییەکی خەمناک
باوکی ئادەم دەڵێت، ئێستاش کاتێک سەیری یارییەکانی ئارسیناڵ دەکات، بە بینینی یاریزانە گەنجەکان یادی کوڕەکەی دەکاتەوە. ئادەم لە دوا ساتەکانیدا کاتێک لە کۆمادابوو، باوکی کتێبی یادەوەرییەکانی ئارسین ڤینگەری بۆ دەخوێندەوە و هەواڵی سەرکەوتنی ئارسیناڵی بەسەر لیڤەرپوول پێدەدا، بەو هیوایەی گوێی لێ بێت.

ئادەم ئانکەرس بە درێسی ئارسیناڵ

بابەتی زیاتر

Back to top button