پاشای یارییەکانە؛ رۆمەنیگە باس لە رووبەڕووی ریال مەدرید دەکات

یاریگا –
کارڵ هاینز رۆمەنیگەی ئەفسانەی بایرن میونشن بە هەفتەیەک پێش یارییەکەی چامپیۆنزلیگ باسی رووبەڕووبوونەوەی ریال مەدرید دەکات.
قورسە وێنای بایرن میونشن بەبێ کارل هاینز رۆمەنیگە بکەیت، ماوەی زیاتر لە 40 ساڵە وەکوو یاریزان و بەڕێوەبەر بەشێک بووە لە یانەکە. ئەو ئێستا ئەندامێکی لیژنەی سەرپەرشتیی یانەکەیە و یەکێکە لە کاریگەرترین کەسایەتییەکانی تۆپی پێی ئەوروپا. پێش یارییەکەی چامپیۆنزلیگ لە نێوان بایرن میونشن و ریال مەدرید چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ رۆژنامەی ئاس کردووە و تێیدا باسی چەند بابەتێکی گرنگ دەکات.
رووبەڕووبووونەوەی ریال مەدرید و بایرن میونشن
ئەمە یارییەکە زۆرترین جار لە مێژووی چامپیۆنزلیگ دووبارە بووەتەوە، بەدواداچوونم بۆ کردووە. تاوەکوو ئێستا 28 یاریی لە نێوانیان کراوە، مەدرید دوو بردنەوەی لە ئێمە زیاترە. لە ریزبەندی یوێفاش هەمان شتە؛ ئەوان یەکەمن و ئێمەش لە دوایانەوەین. ئەمە لووتکەیە، پاشای یارییەکانە، کۆتاییەکی پشێوەختەیە.
ئەمە رووبەڕووبوونەوەیەکە کە بەدرێژایی مێژوو زۆرترین چێژی بەخشیوە. لە ساڵانی 2000ـەکان ئاستەنگی زۆرمان بۆ مەدرید دروست کردبوو، بەڵام بەم دواییانە ئەوان پێشەنگیان گرتووە. لە دڕندەیەکی رەشەوە بوون بە دڕندەیەکی سپی، لە ماوەی 10 ساڵدا پێنج چامپیۆنزلیگیان بردووەتەوە، ئەوە خۆی هەمووشتێکە.
لە چامپیۆنزلیگ چی بەسەر مەدرید هات؟
چیرۆکەکە لە ساڵی 50ـیەکان بە بردنەوەی جامی ئەوروپا لەلایەن دی ستیفانۆ و خینتۆوە دەستیپێکرد. دواتریش سەردەمی گالاکتیکۆس هات، مەدرید هەمیشە باشترین یاریزانە نێودەوڵەتییەکانی کۆکردووەتەوە. بیرمە لە 1976 لێمان بردنەوە، من تەنیا 19 ساڵ بووم، بەڵام کاتێک پێم خستە ئەو یاریگایەوە، درک بەوە کرد کە شتێکی تایبەت بوو. ئێستاش هەر بەو شێوەیەیە، هەردوو یارییەکە لە مەدرید و میونشنیش یارییەکی سەخت دەبێت. لە 1976 لە باڵی چەپی هێرشىەریی یارییم کرد، دەبوو رووبەڕووی دێل بۆسکی ببمەوە، بەڵام لە لایەکەی دیکە هۆینێسی هاوتیمم رووبەڕووی کاماچۆ دەبووەوە، کە بەردەوام هێرشی دەکرد. چەندین جار ناچاربووم بە تەواوی یاریگادا رابکەم تاوەکوو یارمەتی بدەم. هێندە رامکرد کە دواتر لە حەمام خەریک بوو ببوورێمەوە. فران بێنکباوەر پێی گوتم: “رێز بۆ تۆ بچکۆل”. هەرگیز جارێکی دیکە لە ژیانمدا هێندە رامنەکردەوە.
لۆگۆی یانە گرنگە؟
یاریگا و هاندەران تۆقێنەرن، ئەو وزەیەی یاریگاکە دروستی دەکات سەرسوڕهێنەرە. زنجیرەکەی بەرامبەر مانچێستەر سیتیم لە 2022 بیرە، مەدرید لە دەرەوەی پاڵەوانییەتییەکە بوو تاوەکوو لە کاتی زیادکراودا گەڕانەوە. یاریگاکە و هاندەران تیمەکەیان کردە گەردەلوولێک کە بەسەر رکابەردا هەڵدەکات، پێویستە مێشکێکی پۆڵایینت هەبێت و لە رووی دەروونییەوە ئامادەبیت. شتێکی دروستە کە خۆمان بە بەربژێر نەزانین، تەنانەت ئەگەر تیمەکەشمان جێگیر بێت. ئەمە یارییەکی ئاسایی نییە. من لەگەڵ پێپ گواردیۆلا هاوڕێم و پێش قۆناخی 16 پەیوەندیم پێوەکرد، بەڵام دەمزانی کە ریال مەدرید لە مانگی شووبات زۆر بەهێزترە وەک لە سەرەتای وەرزەکە، ئەوان تیمێکن توانای بردنەوەی هەمووشتێکیان هەیە ئەگەر رێگەیان پێبدەیت. سەیری یارییەکانی دوو ساڵ لەمەوبەرمان بکەن، بۆ ماوەیەکی درێژ لە بێرنابیۆ براوە بووین، بەڵام دواتر دووجار گۆڵیان لێکردین و لە یاریی کۆتایی دووریان خستینەوە. ئاستمان دەبێت وەکوو یارییەکەی بەرامبەر پاریس سانجێرمان بێت، لە گێمی یەکەم بەشێوەی نایاب یارییمان کرد و وەکوو زەبەلاحەکان لە گێمی دووەم بەرگریمان کرد. لە مەدرید پێویستمان بەوەیە، دەبێت بە خاکەڕایی رووبەڕووی ببینەوە، ئەمە دەبێتە قورسترین تاقیکردنەوەمان.
سەرسام بوویت کە کاتی چابی ئاڵۆنسۆ لە مەدرید زۆر خێرا کۆتایی هات؟
بۆ ئەو هەستم بە خراپی کرد، بە ئامانجی گەورەوە دوای سەرکەوتنی لە لیڤەرکوزن ئەرکەکەی وەرگرت. کاتێک ئەنجامەکان لە ئاست چاوەڕوانییەکان نییە، بەگشتی راهێنەر دەگۆڕێت. ئاربێلوا جارێکی دیکە ریتمەکەی دۆزیەوە و تیمەکە گەڕاوەتەوە سەر باشترین ئاستی خۆی، بەڵام دڵنیام چابی ئاڵۆنسۆ لەسەر رێچکەی خۆی سەرکەوتوو دەبێت.
ئاڵۆنسۆ نزیک بوو لە پەیوەندیکردن بە بایرن؟
دوای چەند رەتکردنەوەیەک، کۆمپانیمان هەڵبژارد. هەندێکجار چارەنووس بە رووتدا پێدەکەنێت، بە بەختین کە ئەومان هەیە. راهێنەری مەزنی وەکوو گواردیۆلا و هاینکسم لە بایرن بینیوە، کۆمپانیش خەریکە دەگاتە ئەو ئاستە. جارێکی دیکە من چیژ لە یاریکردنمان دەبینم، سەرکەوتن لە رێگایە و ئارامی لەنێو یانەکە هەیە. کۆمپانی بۆ ئێمە نیعمەتە، داوامان لێکرد زیاتر ئەکادیمیای لاوان بەکاربهێنێت، ئەویش نۆ یاریزانی تێکەڵ کرووە کە کاڕڵ پێشەنگیانە.
ئۆلیس لەلایەن مەدرید و بارسێلۆناوە گرنگی پێدەدرێت
ئەم دەنگۆیانە دەمانخەنە پێکەنین، ئۆلیس سێ ساڵ لە گرێبەستەکەی ماوە، هیچی دیکە نییە قسەی لەسەر بکەم. خەڵکی بۆ بینینی یاریزانی وەکوو ئەو دەچنە یاریگاوە.
یاریزانێکی وەکوو ڤینیسیۆس لەگەڵ بایرن دەگونجێت؟
ڤینیسیۆس لە کڕین نایەت و هەر خۆشی لە یانەیەکی نموونەیی یاریی دەکات. سەرسام نابم ئەگەر ئەو یەکێک لە یاریزانە دڵخوازەکانی فلۆرێنتینۆ پێرێز بێت، بیستم یانەکانی سعوودییە گرنگی پێدەدەن، بەڵام پێم وانییە مەدرید جێبهێڵێت. فلۆرێنتینۆ ئاشقی جوانیی تۆپی پێیە و هەموو شتێک بۆ هێشتنەوەی دەکات.
دەتوانیت وێنای ریال مەدرید بەبێ فلۆرێنتینۆ پێرێز بکەیت؟
ئێمە هەمیشە پەیوەندییەکی نایابمان هەبووە، لەسەر هەمووشتێک هاوڕابووینە جگە لە یەک شت؛ ئەویش سوپەرلیگ بوو. سوپەرلیگ وەکوو پڕۆژەی فلۆرێنتینۆ دەبینرا، بەڵام لەڕاستیدا بەهۆی کۆرۆناوە دەستیپێکرد. خۆشبەختانە ئێستا ئەمە لە رابردووە، هەمووان دڵخۆشن کە ریال مەدرید گەڕاوەتەوە خێزانی تۆپی پێ، ناکۆکییەکان یارمەتیدەری کەس نین.
ئەمە خولیایەکی رەهایە بۆ فلۆرێنتینۆ؟
بەڵێ، ئەو هەمیشە باشترینی بۆ ریال مەدرید دەوێت، ریال مەدریدی گەیاندەوە ئاستی باڵا هەروەکوو چۆن بێرنابیۆ کردی. لەم سەردەمەدا مانەوە بە سەرکەوتوویی زۆر قورسترە، فلۆرێنتینۆ بە هێندەی کێشی خۆی زێڕ دەهێنێت.
چی دەڵێیت لەسەر خوان لاپۆرتا لە بارسێلۆنا؟
خوان هاوڕێیەکی نزیکە، پێش ئەوەی وەکوو سەرۆک بگەڕێتەوە، سەبارەت بە کێشەی پارەی یانەکە ئاگادارم کردەوە، بەڵام ئەو سەرسەختترین هاندەرە و گرنگ نەبوو چی دەبوو هەر دەچووە پێشەوە. کات راستیی ئەوی سەلماند، تیمەکە گەڕاوەتەوە ئاستێکی باڵا و ئابووری یانەکە هێواش هێواش خەریکە باشتر دەبێت. بە فلیکم گوت گرنگترین شت ئەوەیە هاوڕێی بیت؛ هانسی پێویستی بە متمانەیە. خەریکی کارێکی نایابە و سەرکەوتوو بووە.
با باسی بایرنەکەت بکەین، تۆ لە 2023 گەڕایتەوە
پلانی بۆ دانرابوو، بەڵام سەرکردەکانی یانەکە بە دۆخەکە دڵخۆش نەبوون. بایرن هەمیشە یانەیەکی تۆکمە و جدی بووە. لە هەندێک کاتدا پارەیەکی زۆرمان لە مووچە و پارەی بریکارەکان خەرج کرد، بەڵام ئێستا کار لەسەر چاککردنی ئەوە دەکەین.
پێویستە بریکارەکان رابگیرێن؟
ئێمە رێچکەی خۆمان لەدەست دابوو. ساڵی رابردوو زیاتر لە یەک ملیار یۆرۆمان بە بریکارەکان دابوو، پێویستمان بە چارەسەرێکی هاوبەشە چونکە ئەم سپاردە گەورانە بۆ تۆپی پێ کێشەی گەورەن. لە بایرن ئێمە توندتر دەبین، ئەگەر نەمانەوێت جارێکی دیکە لەگەڵ بریکارێکی دیاریکراو کار بکەینەوە ئاکامی خراپی دەبێت.
گەشبینیت؟
دەبێت سەرەتا رێگا ئاسانەکە تاقی بکەینەوە، ئەگەرنا دەبێت بچینە دادگا ئەوروپییەکان. خەرجییەکانی تۆپی پێ هەموو سنوورەکانی تێپەڕاندووە.



