پەیامێکی ناڕاستەوخۆ بۆ ریال مەدرید؛ ئێنزۆ شاری دڵخوازی ئاشکرا دەکات
"مەدرید، بۆینس ئایریسم بیردەخاتەوە"

یاریگا –
دوای رەتکردنەوەی دەنگۆی نزیکبوونەوەی ئێنزۆ فێرناندێز، ناوەڕاستکاری ئەرجەنتینی یانەی چێڵسی، لە یانەی ریال مەدید، ئەمڕۆ یاریزانەکە بە لێدوانە نوێیەکانی لاپەڕەیەکی نوێ لە دەنگۆکان دەکاتەوە و باس لەوە دەکات مەدرید شاری دڵخوازیەتی.
لە چاوپێکەوتنێکیدا لە کەناڵی یوتیوبی ئاڤیرلاس، پرسیار لە ئەستێرەکەی چێڵسی دەکرێت لە دەرەوەی ئینگڵتەڕا و ئەرجەنتین ئارەزوو دەکات لەکوێ بژیت، ئێنزۆ بێ دوودڵی و راستەوخۆ ناوی مەدرید دەهێنێت.
🗣️ Enzo Fernández: “Which City I’d like to live in? Madrid. I really like Madrid.”
~ @AlbicelesteTalk
pic.twitter.com/yui0en0pj8— Vince™ (@Blue_Footy) March 29, 2026
یاریزانان لەو شوێنە دەژین کە دەیانەوێت، من حەزدەکەم لە ئیسپانیا بژیم، مەدریدم زۆر خۆشدەوێت، چونکە ئەو شارە، بۆینس ئایریسم بیردەخاتەوە.
هەروەها ئاماژەی بەوەش دەکات، کە هەرچەندە دەتوانێت بە ئینگلیزی کاروبارەکانی خۆی بەڕێبکات، بەڵام بە زمانی ئیسپانی هەست بە ئارامییەکی زۆر زیاتر دەکات.
لە درێژەی چاوپێکەوتنەکەدا، کاتێک پێشکەشکارەکان ناوی چەند یانەیەکی مەدرید دەهێنین و لێی دەپرسن خوازیارە بۆ کامیان یاریی بکات، وەکوو یانەکانی خیتافی، ریال مەدرید، ئاتلێتیکۆ مەدرید و رایۆ ڤایێکانۆ، یاریزانەکە بێدەنگی هەڵدەبژێرێت و وەڵام ناداتەوە، بەڵام سەبارەت بە داهاتوویەکی دوورتر دەڵێت…
دەگەڕێمەوە یانەی ریڤەر پلەیت، بەڵام نەک بۆ وازهێنان، بەڵکوو دەمەوێت کاتێک بگەڕێمەوە کە هێشتا لە ئاستێکی بەرزدام و توانایەکی باشی جەستەییم هەیە.
ئەم قسانەی ئێنزۆ لە کاتێکدایە، تەنیا چەند رۆژێک لەمەوبەر بە توندی دەنگۆکانی پەیوەندیکردنی بە مێرێنگی رەتکردەوە و رایگەیاند تەنیا سەرنجی لەسەر چێڵسی و یارییەکانی کۆتایی وەرزە، دوای مۆندیال هەموو شتێک رووندەبێتەوە چی روودەدات.
ناوەڕاستکارە ئەرجەنتینییەکە تاوەکوو هاوینی ساڵی 2032 گرێبەستی لەگەڵ یانە لەندەنییەکە هەیە، بەڵام بەگوێرەی زۆربەی سەرچاوە میدییاییەکان، دەیەوێت ئەم وەرزە دوایین وەرزی بێت لە چێڵسی و ئاڵەنگارییەکی نوێ و گەورەتر تاقیبکاتەوە.
براوەکەی مۆندیالی 2022 لە سەرەتای ساڵی 2023 بە بەهای 121 ملیۆن یۆرۆ پەیوەندی بە ریزەکانی چێڵسییەوە کرد، تاوەکوو ئێستا لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکان 159 یاریی لەگەڵ بلووز کردووە، 28 گۆڵی کردووە و 29 گۆڵیشی بۆ هاوڕێکانی دروستکردووە.



