عێراقکوردستان

دهۆک بەبێ ئامادەبوونی پێنج یاریزانی یاریی دێڕبی بەرامبەر زاخۆ دەکات

هاڕون ئەحمەد: یاریی دێڕبی جیاوازە لەگەڵ سەرجەم یارییەکانی دیکەی خولەکە

Yariga App

یاریگا –

بۆ یارییەکەی بەرامبەر زاخۆ، دهۆک لە توانای پێنج یاریزانی بێبەش دەبێت، هاڕون ئەحمەدیش باسی جیاوازی دێڕبی دەکات لەگەڵ یارییەکانی تر.

دوو شەممە ( 30ـی ئاداری 2026 ) لە گەڕی 25ـی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق، دهۆک لە یاریگای فرانسۆ هەریری بەبێ ئامادەبوونی هاندەر رووبەڕووی زاخۆ دەبێتەوە، دهۆک لەم یارییەدا لە توانای پێنج یاریزانی بێبەش دەبێت، پیتەر گۆرگیس بەهۆی پەیوەندیکردن بە هەڵبژاردەی عێڕاق، حەمود مشعان، سەعد ناتق لەگەڵ پاشەنگ عەبدوڵا بە هۆی پێکان، عەلی یاسینی گۆڵپارێزیش بە هۆی وەرگرتنی کارتی سوور لە یاریی رابردوو بێبەش دەبن لە یارییەکە.

هاڕون ئەحمەد، ئەستێرە و ناوەڕاستکاری دهۆک باسی ئامادەکاری یاریزانەکان و گرینگی یاریی دێڕبی دەکات:

یاریی دێڕبی هەمیشە گرینگی تایبەتی خۆی هەبووە و جیاوازە لەگەڵ سەرجەم یارییەکانی دیکەی خولەکە، ئامانجمان بەدەستهێنانی سێ خاڵە بۆ ئەوەی قەرەبووی خاڵە لە دەستدراوەکانی یارییەکانی ئەم دواییە بکەینەوە، لە دوایین یەکەی مەشقی تیپەکەشمان کەشێکی ئەرێنی هەبوو، هەمووان کۆک بووین لەسەر ئەوەی پێویستە سەرکەوتن تۆمار بکەین.

یەکەم یاریی ئەحمەد خەلەفی راهێنەرە لە نێو یاریگا سەرپەرشتی تیپەکە بکات، دهۆک 34 خاڵی هەیە و لە ریزبەندی نۆیەمی خولەکە دێت، گەڕی داهاتووش لە یارییەکی دیکەی بەهێز میوانداری تەڵەبە دەکات.

 

بابەتی زیاتر

Back to top button