ئیسپانیاراپۆرتی تایبەتگرنگترین

دەرفەتێکی زێرین؛ پێکانی رافینیا دەرگا بە رووی راشفۆرد دەکاتەوە

هێشتا بارسێلۆنا بڕیاری کۆتایی لەبارەی داهاتوو یاریزانەکە نەداوە

Yariga App

یاریگا –

پێکانەکە کوشندەکەی رافینیا، جارێکی دیکە هەلێکی زێڕین بە مارکوس راشفۆرد دەدات تاوەکوو خۆی بۆ بارسێلۆنا بسەلمێنێت و مانەوەی لە یانەکە مسۆگەر بکات.

لە ئامادەنەبوونی ئەستێرە بەڕازیلییەکە، باڵی چەپی بارسێلۆنا چۆڵە و راشفۆرد تاکە هێرشبەری یانەکەیە کە لەو پێگەیە یاریی دەکات.

داواکارییەکانی هانزی فلیک

بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامەی ئاس، هانزی فلیک هەرچەندە هەمیشە سەرسامی خۆی بۆ شێوازی یاریکردنی راشفۆرد دەربڕیوە، بەڵام داوای زیاتر لە ئەستێرە ئینگلیزییەکە دەکات. راهێنەرە ئەڵمانییەکە پێی وایە راشفۆرد هێشتا توانایەکی زۆری هەیە کە پێشانی نەداوە، بەتایبەتی لە رووی ئەرکی بەرگری و تێگەیشتن لە یاری. فلیک دەیەوێت راشفۆرد ئاستێکی جێگیرتری هەبێت و لەوکاتەی بارسا تۆپی لا نییە، کاریگەری زیاتر بێت.

ئامارەکان و دۆخی گرێبەستەکەی

تاوەکوو ئێستا ئامارەکانی راشفۆرد لەم وەرزە جێگەی رەزامەندین، لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکان لە 39 یارییدا بەشداری کردووە، 10 گۆڵی هەیە و 13 گۆڵیشی دروستکردووە. هەرچەندە لە ماوەکانی رابردوو بەهۆی ئاستبەرزی رافینیا، راشفۆرد کەمتر یاریی دەکرد، بە جۆرێک لە چوار یاریی رابردوودا، تەنیا 28 خولەک یاریی کردووە، بەڵام بەلای بارسێلۆناوە بە گشتی وەرزەکەی ئەستێرە ئینگلیزییەکە تەواو ئەرێنییە.

پلانی کارگێڕیی بارسێلۆنا

سەرەڕای ئاستە ناوازەکەی، خوان لاپۆرتا، سەرۆکی یانەکە دەیەوێت مەرجەکانی گرێبەستەکەی لەگەڵ مانچێستەر یونایتد پێداچوونەوەی پێدا بکرێت. بلاوگرانا هەوڵدەدات ماوەی خواستنەکەی بۆ وەرزێکی دیکە درێژبکاتەوە یان بەشێکی کەم لەو 30 ملیۆن یۆرۆیە بدات کە وەکوو بەهای کڕینەوەی دانراوە.

تاقیکردنەوەی کۆتایی

ئەم قۆناخەی کۆتایی وەرز، بۆ راشفۆرد وەکوو تاقیکردنەوەیەک دەبێت.  لەلایەن هانزی فلیک و بەتایبەتی دیکۆی بەڕێوەبەری وەرزشییەوە، ئاستی بە وردی هەڵدەسەنگێنرێت. بۆ مسۆگەرکردنی مانەوەی لە وەرزی داهاتوو، لەمەودوا هەموو یارییەک بۆ راشفۆرد وەکوو یاریی کۆتایی دەبێت.

بابەتی زیاتر

Back to top button