
یاریگا –
ئێمبای نیانگی یاریزانی پێشووی میلان چەند چیرۆکێکی پشت دیمەنەکانی کاروانی وەرزشیی خۆی دەگێڕێتەوە.
ئێمبای نیانگ، هێرشبەری پێشووی میلان ئێستا لە تورکیا یاریی بۆ گەنجلەربیرلیگی دەکات و لەبارەی سەردەمی یاریکردنی لە ئەیسی میلان قسەی بۆ کەناڵی Bein Sports کرد و چیرۆکێکی پێکەنیناوی لەبارەی ئادریانۆ گالیانیی بەڕێوەبەری جێبەجێکاریی پێشووی یانەکە دەگێڕێتەوە، هەروەها باسی هاوتیمێکیش دەکات کە زیاتر لە هەمووان سەرسامی کردووە.
نیانگ باسی رووداوێکی دیاریکراو سەبارەت بە گالیانی دەکات و دەڵێت:
ئێسکێک لە قاچم شکابوو، گالیانی پێی گوتم چوار مانگم بۆ چاکبوونەوە هەیە و دەتوانیم بچمە ئیسپانیا تاوەکوو لەگەڵ خێزانەکەم بم، بەڵام رێگەم پێنەدرابوو راکەم یان باز بدەم. ئەو پێی گوتم نایانەوێت هیچ ڤیدیۆیەکی من ببینن خەریکی ئەوانە بم. لە یەکەم رۆژم لەوێ لەگەڵ هاوڕێیەک، حەوزێکی مەلەوانیی گەورەمان بینی. بە هاوڕێکەمم گوت؛ مۆبایلەکەم بگرە و ئەمە بە ڤیدیۆ تۆمار بکە، بەڵام بۆ کەسی مەنێرە. من پلانێکم هەبوو، ڤیدیۆی منی گرت باز دەدەمە نێو حەوزەکە، بەڵام دواتر ناردی بۆ گروپچاتی یاریزانانی میلان! گالیانی پێنج خولەک دواتر پەیوەندی پێوەکردم، نیوەی مووچەکەمی بڕی و پێی گوتم راستەوخۆ لە پشووەکەم بگەڕێمەوە.
نیانگ باسی ئەو یاریزانەشی کرد کە زیاتر لە هەمووان سەرسامی کردووە کاتێک لە یانەکە بووە و گوتی:
لە میلان رۆبینیۆ هەبوو، ئینزاگی تەنانەت گاتوسۆش، بەڵام ئەو کەسەی بەڕاستی شۆکی کردم، جێگەی شەرمە کە هێندە تووشی پێکان دەبوو، ئەو کەسە ئالیکساندەر پاتۆ بوو. ئەوەی من لە پاتۆم بینی، تەنانەت ئێمباپێش ئەو شتانە ناکات! قاچی راست، قاچی چەپ، هێز، لێدانی سەر، توانا…قاچەکانی تۆقێنەر بوون. دوو قاچی تۆ بەیەکەوە وەکوو قاچێکی ئەو بوو، زۆریش خێرابوو. کێشەی جەستەیی زۆر بوو، بەڵام زۆر بەهێز بوو.



