هۆکاری تەکنیکی فیزیایی هەیە؛ بۆچی لەنێو یاریگاکان ئینتەرنێت لاواز دەبێت؟

یاریگا –
کێشەی نەمان یان لاوازبوونی سیگناڵی مۆبایل لەنێو یاریگاکاندا دیاردەیەکی باوە و چەند هۆکارێکی تەکنیکی و فیزیایی لە پشتە.
گرنگترین هۆکارەکان ئەمانەن:
◉ قەرەباڵخی زۆر – Network Congestion
ئەمە سەرەکترین هۆکارە، تاوەری گەیاندنی کۆمپانیاکانی مۆبایل توانایەکی دیاریکراویان هەیە بۆ بەستنەوەی ئامێرەکان. کاتێک 50 بۆ 100 هەزار کەس لە یەک شوێنی بچووکدا کۆدەبنەوە و هەموویان لە یەک کاتدا دەیانەوێت وێنە و ڤیدیۆ هاوبەشی پێبکەن یان پەیوەندی بکەن، فشارێکی یەکجار زۆر دەکەوێتە سەر تاوەرەکە و جەنجاڵی دروست دەبێت، ئەمەش دەبێتە هۆی پچڕانی هێڵەکە.
◉ بەربەستە بیناسازییەکان – Physical Barriers
یاریگاکان لە بڕێکی زۆر کۆنکرێتی چڕ و ئاسن دروست دەکرێن، ئەم کەرەستانە وەکوو قەڵخانێکی بەهێز کاردەکەن و رێگری لە تێپەڕبوونی شەپۆلە رادیۆییەکان دەکەن. کاتێک تۆ لە ناوەڕاستی یاریگاکە یان لە ژێر بنمیچە ئاسنینەکانیت، سیگناڵەکە ناتوانێت بە ئاسانی بگاتە مۆبایلەکەت.
◉ دەستوەردانی شەپۆلەکان – Interference
لەنێو یاریگادا تەنیا مۆبایلی هاندەران نییە، بەڵکوو سەدان ئامێری بێتەل – Wireless، کامێرای پەخش، سیستمی پەیوەندی پاسەوانەکان و وایفای نێوخۆیی هەن. ئەم هەموو ئامێرە شەپۆلەکانیان تێکەڵی یەک دەبێت و دەبێتە هۆی تێکچوونی کوالێتی سیگناڵ.
◉ دووری و ئاراستەی تاوەرەکان
زۆرجار تاوەرەکانی مۆبایل لە دەرەوەی یاریگاکانن و ئاراستەی شەپۆلەکانیان بۆ ناوچە نیشتەجێبووەکانە نەکوو بۆ ناوەوەی یاریگایەکی داخراو، بۆیە سیگناڵەکە بە لاوازی دەگاتە نێو یاریگاوە.
چارەسەر چییە؟
زۆرێک لە یانە گەورەکانی وەک مانچستەر سیتی و ڕیاڵ مەدرید، سیستەمی DAS (Distributed Antenna System) بەکاردەهێنن، کە بریتییە لە دانانی سەدان ئانتێنی بچووک لە هەموو سوچێکی یاریگاکە بۆ ئەوەی سیگناڵەکە بە یەکسانی بگاتە هەموو کەسێک.



