ئالیخاندرۆ بالدێ بڕیار لەسەر چارەنووسی لەگەڵ بارسێلۆنا دەدات
خواستی خۆی بە بریکارەکەی راگەیاندووە

یاریگا –
ئالیخاندرۆ باڵدێ بەرگریکارە لاوەکەی بارسێلۆنا هەموو دەنگۆکانی دەبڕێنێتەوە و مانەوەی خۆی لەگەڵ بارسێلۆنا دووپاتدەکاتەوە.
رۆژنامەی مارکا بڵاویکردووەتەوە، بالدێ بە بریکارەکەی راگەیاندووە، بە هیچ جۆرێک بیر لە جێهێشتنی بارسێلۆنا ناکاتەوە و داهاتووی تەنیا لەگەڵ یانە کاتالوونییەکەیە.
رۆژنامەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، سەرەڕای ئەوەی لەم وەرزەدا لە هەندێک یاری هانزی فلیک پشتی بە جواو کانسێلۆ بەستووە، بەڵام ئەمە نەبووەتە هۆی ئەوەی یاریزانەکە بیر لە رۆیشتن بکاتەوە. یانەی مانچێستەر یونایتد یەکێک بوو لەو یانانەی بەجیددی هەوڵی گواستنەوەی دەدا، بەڵام بالدێ بە روونی بە بریکارەکەی گوتووە هیچ ئارەزوویەکی بۆ جێهێشتنی بارسا نییە و دەیەوێت لە پڕۆژەی داهاتووی یانەکەدا بەشدار بێت.

بالدێ کە لە کۆتایی ساڵی 2023 گرێبەستەکەی نوێکردەوە، نرخەکەی لە بازاڕی گواستنەوە بە 55 ملیۆن یۆرۆ دەخەمڵێنرێت. هەرچەندە فرۆشتنی دەبووە سەرچاوەیەکی دارایی باش بۆ بارسێلۆنا، بەڵام کارگێڕیی یانەکەش هاوشێوەی یاریزانەکە، پێیان وایە یاریزانێکی گرنگە و نایانەوێت دەستبەرداری ببن.
بالدێ ئێستا لە قۆناخی کۆتایی چاکبوونەوەی پێکانەکەیدایە و ئامانجی سەرەکی ئەوەیە کە دوای پشووی یارییە نێودەوڵەتییەکان، لە دوو مانگی کۆتایی وەرز، بە تەواوی ئامادە بێت بۆ یارمەتیدانی تیپەکە، کە تێیدا کێبڕکێ لەسەر هەموو نازناوەکان دەکرێت.



