
یاریگا –
لیۆنێل سکالۆنی بڕیاری یاریکردن لە جامی جیهانی بۆ خودی لیۆنێل مێسی خۆی جێدەهێڵێت.
ئەم هاوینە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، مەکسیک و کەنەدا بەبێ گومان دوایین جامی جیهانی دەبێت کە لیۆنێل مێسی بەشداریی تێدا بکات، ئەگەر جەستەی بە تەندروستی بمێنێتەوە بانگێشتی پێکهاتەی ئەرجەنتین بکرێت. لە بەیانیی هەیینی ئەرجەنتین یارییەکی دۆستانەی خۆگەرمکردنی بەرامبەر مۆریتانیا کرد و 2-1 بردییەوە.
نیکۆ پازی ناوەڕاستکاری کۆمۆ بە گۆڵێک لە رێگەی لێدانی راستەوخۆوە سەرنجی نمایشەکەی بەلای خۆیدا پەلکێش کرد، بەڵام هەواڵە گەورەکە بۆ ئەرجەنتین جارێکی دیکە توانای جەستەیی مێسی بوو، کە لە یارییەکەدا لەسەر کورسی یەدەک بوو. ئەستێرەکەی ئینتەر میامی دوای تەواو بوونی گێمی یەکەم هاتەناوەوە بەڵام ئەمجارە گۆڵی نەکرد.
لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی پێش یارییەکە، لیۆنێل سکالۆنی راهێنەر بەشداریکردنی مێسی لە جامی جیهانی بە نادیاری هێشتەوە و گوتی:
هەر شتێک بکرێت دەیکەم بۆ مێسی تاوەکوو لێرە ئامادە بێت، پێموایە لەپێناو باشی تۆپی پێ، پێویستە لێرەبێت، بەڵام ئەو کەسەی بڕیار دەدات من نیم، هەمووشتێک دەکەوێتەوە سەر خۆی، دۆخی دەروونی و جەستەیی. قورسە چونکە تەنیا ئەرجەنتینییەکان نین کە ئەویان لە جامی جیهانی دەوێت، هەموو جیهان ئەوی دەوێت. ئەو مافی ئەوەی بەدەستهێناوە کە ئەو بڕیارە بدات، ئێمە بە هیچ شێوەیەک فشاری ناخەینەسەر. دەزانین ئەو بڕیار لەسەر هەر شتێک بدات، بۆ خۆی و تیمەکەش باشترین دەبێت.
یاریی داهاتووی ئەرجەنتین بەرامبەر زامبیا دەبێت. راهێنەرەکە پشتڕاستی کردەوە کە مێسی جارێکی دیکە لەو یاریزانە دۆستانەیە یاریی دەکات، وەکوو دوایین تاقیکردنەوە پێش دەستپێکردنی پاڵەوانییەتییەکە.



