
یاریگا –
فێدریکۆ ڤاڵڤێردی لە خولەکی 94 لە یارییە دۆستانەکەیان بەرامبەر ئینگلتەرا گۆڵی کرد و هەڵبژاردەکەی لە شکست رزگارکرد.
کاتێک فشار هەبوو فێدریکۆ ڤاڵڤێردی هاتەپێشەوە، لە خولەکی 94 لە یاریگای وێمبڵی پێناڵتییەک بۆ ئۆرۆگوای هەژمارکرا کاتێک بە گۆڵێک لەدواوە بوو. نە ناوەڕاستکارەکەی ریال مەدرید و نە هاوتیمەکانیش دوودڵ نەبوون، کە بەدوایدا دەگەڕان بەرپرسیارییەتییەکە بگرێتە ئەستۆ. فێدی گۆڵی کرد و ئەنجامەکەی بۆ ئۆرۆگوای یەکسان کردەوە.
فێدی ڤاڵڤێردی دوای یارییەکە گوتی:
زۆرێک لە هاوتیمەکانم هاتنە لام تاوەکوو پێناڵتییەکە جێبەجێ بکەم. هەمیشە هەوڵ دەدەم هێرشبەرەکان پێناڵتییەکان جێبەجێ بکەن تاوەکوو باوەڕبەخۆبوونیان هەبێت، بەڵام هەمووان پێیان گوتم خۆم جێبەجێی بکەم.
یاریزانەکەی قەڵای شاهانە لە ئاستێکی زۆر باشدایە، لە دوایین پێنج یارییدا شەش گۆڵی بۆ یانەکەی کردووە، لەنێوانیشیاندا هاتریکێک لە یاریی چوونی قۆناخی 16ـی چامپیۆنزلیگ بەرامبەر مانچێستەر سیتی. فێدی هەمان هێزی گۆڵکردن و کەسایەتی هێنا بۆ لەندەنیش.
ڤاڵڤێردی چاوی لە داهاتووی خۆشییەتی لە مەدرید، قسەی لەگەڵ ئالڤارۆ ئاربێلوا کردووە لەبارەی گونجانی لەنێو تیمەکە. لەو بارەیەشەوە دەڵێت: “لەم چەن رۆژە لەو بارەیەوە قسەم لەگەڵ راهێنەر کرد. گرنگترین شت ئەوەیە کە ئەو باوەڕی پێمە، دەتوانم لە ناوەڕاست یان لە باڵەکان یاریی بکەم، زۆر قسەمان لەو بارەیەوە کردووە. لە هەر جێگەیەک دامبنێت هەوڵ دەدەم باشترین ئاستی خۆم پێشکەش بکەم.”



