
یاریگا –
ئەرجەنتین لە یارییەکی دۆستانە بردنەوەیەکی زەحمەتی بەسەر مۆریتانیا بەدەستهێنا و هەستێکی نیگەرانکەری دروست کرد.
هەمووان پێشبینی بردنەوەیەکی ئاسانیان دەکرد، بەڵام لەبری ئەوە خەڵک کەوتە گومانەوە ئایا ئەرجەنتین لەپێناوی سەلامەتی بەو شێوەیە یاریی دەکرد یان بەڕاستی تووشی ئاستەنگی بووەوە؟ وەڵامەکە نادیارە، ئەرجەنتین بە ئەنجامی تەنیا دوو گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک لە مۆریتانیای بردەوە کە لە ریزبەندی 133ـی جیهانی دێت. ئەو ئەنجام و ئاستە لاوازەی هەڵبژاردەکە چاوەڕواننەکراو بوو.
باشترین شت راستگۆیی تیمەکە بوو. ئیمیلیانۆ مارتینێزی گۆڵپارێز راشکاوانە قسەی کرد و هچی نەشاردەوە:
شتێکی باش بوو کە فینالیزیمامان نەکرد، ئەگەر بەمشێوەیە یاریمان کردبایە دەدۆڕاین. کاتێک ئەم درێسە دەپۆشین دەبێت توانای زیاتر پێشکەش بکەین، پێویستمان بە رۆحییەتی زیاترە.
میدیا ئیسپانییەکان رەخنەیان لە یارییە دۆستانە ئاسانەکانی ئەرجەنتین دەگرت، لەو بارەیەوەش مارتینێز وەڵام دەداتەوە و دەڵێت:
جامی جیهانیی رابردووش هەمان شت بوو. ئەمە یاریی بە یارییە، ئێمە ئەزموونی دوور رۆیشتنمان هەیە، ئەوان نیانە.
دوای گێمی یەکەم، ئاستی هەڵبژاردەکە دابەزی. مۆریتانیا بەڕاستی ئەرجەنتینی خستە دۆخی نائاسوودەییەوە و مارتینێز سێ سەیڤی زۆر باشی کرد تاوەکوو پارێزگاری لە پێشکەوتن بکات. لە کۆتاییدا مۆریتانیا لە خولەکی 94 لە رێگەی جۆردن لێفۆرد گۆڵی کرد و بووە زەنگی ئاگاداری.
ئەرجەنتین لە یاریی دۆستانەی داهاتووی رۆژی سێشەممە رووبەڕووی زامبیا دەبێتەوە و ناچارن ئاستیان بەرەوپێش ببەن پێش ئەوەی ماڵئاوایی لە هاندەرانیان بکەن.



