
یاریگا –
یۆرگن كڵۆپ، راهێنەری پێشووی یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزی دووپاتیكردەوە رۆیشتنی محەمەد سەڵاح بۆشاییەكی گەورە لە ریزەكانی یانەكەدا جێدەهێڵێت.
لە چەند رۆژی رابردوودا محەمەد سەڵاح لە پارچە ڤیدیۆیەكدا رۆیشتنی خۆی لە ریزەكانی لیڤەرپوول لە كۆتایی وەرز راگەیاند.
— Mohamed Salah (@MoSalah) March 24, 2026
كڵۆپ لە لێدوانێكیدا گوتی؛
هەمیشە بۆشاییەک لە لیڤەرپوول دەمێنێتەوە کە کەسێک هەوڵی پڕکردنەوەی دەدات، بەڵام من دڵنیانیم یاریزانێکی تری وەکوو محەمەد سەڵاح هەبێت.
ئەو جۆرە یاریزانانە قەرەبوو ناکرێنەوە، ئەمە راستیەکەیە، یاریزانی تر هەن لە باڵەکاندا یارییدەکەن و توانای جیاوازیان هەیە، بەڵام ئەو ئامارانەی سەڵاح لەو پێگەیەدا بەدەستیهێناون بەراورد ناکرێن، پێم وانییە هیچ یاریزانێکی دیكە پێشتر ئاماری هاوشێوەی لەو شوێنەدا بەدەستهێنابێت.
مرۆڤ سەری لێدەشێوێت كە بڵێت ئەو یاریزانی باڵە، ئەو ئامارانەی وەكو یاریزانێكی باڵی هێرشبەری بەدەستیهێناون سەرسوڕهێنەرە.
لیڤەرپوول لە قۆناخی چارەكی كۆتایی چامپیۆنزلیگ رووبەڕووی پاریس سانجێرمانی هەڵگری نازناوەكە دەبێتەوە و لە جامی یەكێتیی ئینگلتەراش بەرامبەر مانچێستەر سیتی یاریی دەكات.
محەمەد سەڵاحی 33 ساڵان لەم وەرزەدا لەگەڵ لیڤەرپوول بەشداری 34 یاریی كردووە و توانیویەتی 10 گۆڵ بكات و نۆ گۆڵیش درووست بكات.



