زانیاری نوێ؛ یوڤێنتوس هەوڵی گواستنەوەی ئەستێرەیەكی بارسێلۆنا دەدات
ئیتاڵییەكان ئەستێرەكەی بارسایان دەوێت

یاریگا –
رۆبێرت لیڤاندۆڤسكی، ئەستێرەی پۆڵەندی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی لە كۆتا ساڵی گرێبەستەكەیدایە و تاوەكوو ئێستا داهاتووی روون نەبووەتەوە.
لیڤاندۆڤسكی لە هاوینی 2022 لە ریزەكانی بایرن میونشنەوە بە بەهای 45 ملیۆن یۆرۆ پەیوەندی بە بارسێلۆناوە كرد و گرێبەستەكەی لە هاوینی ئەمساڵدا بەسەردەچێت.
مشتومڕێکی زۆر دەربارەی داهاتووی لیڤاندۆڤسکی هەیە، چونکە گرێبەستەکەی لە کۆتایی ئەم وەرزەدا بەسەردەچێت، تا ئێستاش یانە کەتەلۆنییەکە بڕیاری کۆتایی خۆی سەبارەت بە نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی نەداوە.
بە گوێرەی زانیارییەكانی رۆژنامەی سپۆرت، شاندێكی یانەی یوڤێنتوسی ئیتاڵی ئامادەی یارییەكەی پۆڵەندا و ئەلبانیا بوون و نوێنەرانی یانە ئیتاڵیەكە هەوڵدەدەن لیڤاندۆڤسكی رازی بكەن پەیوەندی بە یانەكەیانەوە بكات.
گەورەترین بەربەست لەبەردەم یوڤێنتوس بریتییە لەو مووچە بەرزەی کە هێرشبەرە تەمەن 37 ساڵانەكە وەریدەگرێت.
لە کاتێکدا کە یانە ئیتاڵییەکە کار بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستی دۆسان ڤلاهۆڤیچ دەکات، بەڵام ئارەزووی ئەوەش دەکات هێرشبەرێکی دیکەی ئاستبەرز و دیار بهێنێت بۆ ئەوەی لە تەنیشت ئەو یاری بکات و سەرکردایەتی هێڵی هێرشبەری یانەکە بکەن.
لیڤاندۆڤسکی پێشتر جەختی کردبووەوە کە دەیەوێت لە بارسێلۆنا بمێنێتەوە و ئامادەیە لە پێناو مانەوەیدا قوربانی بدات، بەڵام تاوەكوو ئێستا ئیدارەی لاپۆرتا هەنگاوی فەرمی بۆ نوێكردنەوەی گرێبەستەكەی نەناوە.
لەم وەرزەدا لیڤا لەگەڵ بارسێلۆنا بەشداری لە 37 یارییدا كردووە و توانیویەتی 16 گۆڵ بكات و سێ گۆڵیش درووستبكات.



