
یاریگا –
هەولێر لە دەرەوەی یاریگای خۆی لەگەڵ نەفتی میسان یەکسان بوو، گەیلان لوقمانیش باسی رکابەری نازناوی ئەم وەرزەی خولەکە دەکات.
لە گەڕی 24ـی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق، هەولێر لە یاریگای میسانی ئۆڵۆمپی بەبێ گۆڵ لەگەڵ نەفتی میسان یەکسان بوو، یەکسان بوونەکەی هەولێر دوای پێنج سەرکەوتنی بەدوای یەک بوو کە بە دەستیان هێنابوو.
باسم قاسم، راهێنەری هەولێر دوای کۆتایی هاتنی یارییەکە هۆکاری یەکسان بوونەکەیانی ئاشکرا کرد و گووتی:
گێمی یەکەم تا ڕادەیەک بە پارێزگریکردن لە گۆڵ یارییمان کرد، بەڵام لەسەرەتای گێمی دووەمەوە دوو گۆڕانکاری هێرشبەریمان کرد بۆ ئەوەی بتوانین سێ خاڵ بەدەست بهێنین، یاریزانەکانمان سەرکەوتوو نەبوون لە گۆڵ تۆمار کردن، نەفتی میسان یانەیەکی باشە شایستەی ئەوە لە ریزبەندی سەرووتر بن.
گەیلان لوقمان، یاریزانی هەولێر دوای یارییەکە دەربارەی یەکسان بوونەکەیان و مانەوەی هیوای بەدەستهێنانی نازناوی ئەم وەرزەی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق رایگەیاند:
ئێمە بۆ سێ خاڵی یارییەکە هاتبووین، بەڵام لە دەرەوەی یاریگای خۆمان خاڵێکیش خراپ نیە، پشتیوان بەخوا لە یارییەکانی داهاتوو قەرەبووی دەکەینەوە، هێشتا یاریی زۆر ماوە بۆیە هیوای کێبڕکێ کردنی بەدەست هێنانی نازناو لە دەست نادەین و هەوڵدەدەین زیاتر نزیک بینەوە لە ریزبەندی یەکەم.
بەم یەکسان بوونە هەولێر خاڵەکانی گەیاندە 50 خاڵ و لە ریزبەندی سێیەم دێت، جیاوازی هەولێر لەگەڵ قوەجەوییەی خاوەن ریزبەندی یەکەم بەرزبوویەوە بۆ هەشت خاڵ، لە یارییەکی بەهێزیشدا کوڕانی قەڵا و منارە گەڕی داهاتوو میوانداری زەوڕا دەکەن.



