ئیسپانیادەنگۆکانی مێرکاتۆگرنگترین

دوایین پێشهات؛ ریال مەدرید بڕیاری کۆتایی لەسەر ئەستێرەیەکی دەدات

Yariga App

یاریگا –

ناوەڕاستکارەکەی ریال مەدرید لە قۆناخی کۆتایی چاکبوونەوەدایە، لە کاتێکدا یانەکە و یاریزانەکە پێشوەختە بڕیاریان داوە کە ئەمە دوایین ساڵی نێوانیان دەبێت.

دۆخی دانی سێبایۆس لە ریال مەدرید گەیشتووەتە خاڵێک کە چیدیکە گەڕانەوەی نییە. وەرزێک کە بە ناجێگیری و کەمیی بەشداریکردن ناسرابوو، لە کۆتاییەکەشیدا بە پێکانێک کۆتایی هات کە هەموو هەوڵێکی بۆ سەلماندنی تواناکانی پەکخست. لە تەمەنی 29 ساڵیدا و سەرەڕای ئەوەی گرێبەستەکەی تاوەکوو 2027 بەردەوامە، یاریزانە سێڤییاییەکە بڕیاریداوە کە بازاڕی گواستنەوەی هاوینەی داهاتوو دەبێتە کۆتا وێستگەی لەگەڵ مەدرید.

لەلایەن یانەی شاهانەشەوە هەڵوێستەکە روونە: ئاسانکاری بۆ ڕۆیشتنی دەکەن لە بەرامبەر ئۆفەرێکی گونجاودا، بێگومان یاریزانەکە بەخۆڕایی نابەخشن. رۆیشتنی ئەو رێگە بۆ کەمکردنەوەی بڕی مووچەکان و چۆڵکردنی شوێن بۆ یاریزانی نوێ یان جێگیرکردنی ئەو بەهرەمەندە لاوانەی کە ئەم وەرزە لەژێر دەستی ئاربیلوادا دەدرەوشێنەوە خۆش دەکات. یانەکە پێی وایە ئەم هاوینە دوایین دەرفەتە بۆ ئەم کارە، یاریزانەکەش ئارەزوویەکی زۆری بۆ ئەم هەنگاوە هەیە. هاوینی رابردووش نزیک بوو لە رۆیشتن، بەڵام لە دوایین ساتەکاندا گفتوگۆکان شکستیان هێنا.

لێرەدا بێتیس بەهێزترین بژاردەیە، یانە سەوز و سپییەکە هەمیشە لەڕووی سۆزداری و وەرزشییەوە سەرنجڕاکێشترین شوێنە بۆ سێبایۆس، بەڵام پڕۆسەی گواستنەوەکە ئاسان نابێت، چونکە بەندە بە بارودۆخی دارایی و توانای بێتیس بۆ دابینکردنی مووچەکەی و رەزامەندی ریال مەدرید لەسەر نرخێکی گونجاو. جیا لە بێتیس، دوور نییە یانەی دیکەی لالیگا یان یانە بیانییەکان چاودێریی ئەم دەرفەتە بکەن، چونکە سێبایۆس هێشتا ناوبانگێکی باشی هەیە و دەکرێت ببێتە بەشێکی گرنگ بۆ هەر تیمێک کە بەدوای کوالێتی بە نرخێکی کەمدا بگەڕێت.

بۆ ئێستا یاریزانەکە هەموو هەوڵێکی گەڕانەوەیە بۆ یاریگاکان. دانی لە کۆتایی مانگی شووباتدا لە قاچی راستیدا تووشی پێکانێکی ماسوولکەیی بوو و بڕیاربوو نزیکەی دوو مانگ دوور بکەوێتەوە، لە هەفتەکانی رابردوودا دەستی بە مەشقەکان کردووەتەوە و گەڕانەوەی تەواوەتی نزیکە. سەرەڕای ئەوەش گەڕانەوەی هیچ گەرەنتییەک نییە بۆ گۆڕینی پێگەی لە تیمەکەدا، چونکە کێبڕکێ لە هێڵی ناوەندی ریال مەدرید زۆر زیادی کردووە و پێگەی ئەو لەنێو پلانەکانی راهێنەر لاوازتر بووە.

ئەم دۆخە هەستی کۆتایی هاتنی سەردەمی یاریزانەکە لە قەڵای شاهانە بەهێزتر دەکەن. هەموو ئاماژەکان بەرەو یەک دەرەنجام دەچن؛ هاوینێکی پڕ لە دەنگۆ بۆ سیبایۆس کە تێیدا یانەکە و یاریزانەکە بەدوای رێگەیەکدا دەگەڕێن کە سوودی بۆ هەردوولا هەبێت. دەرگا کراوەتەوە و تەنیا ماوەتەوە بزانرێت کێ پێیدا تێپەڕ دەبێت. فلۆرێنتینۆ پێرێز و خۆسێ ئانخێل سانچێزیش دەزانن کە هاوینی داهاتوو یاریزانەکە دەچێتە دوایین ساڵی گرێبەستەکەی و دەبێت پێشوەختە چارەسەری بکەن.

بابەتی زیاتر

Back to top button